رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە فەرمی لۆید ئۆستنی وەک وەزیری بەرگری ئیدارەکی دەستنیشانکرد. ئێستا ئۆستن پێویستی بە گڵۆپی سەوزی کۆنگرێس هەیە بۆ ئەوەی دەستبەکارببێت.
لەکاتی ناساندنیدا وەکو وەزیری بەرگری، دوای ستایشکردن و پێداهەڵگوتنێکی زۆر، جۆ بایدن باسی لە بوێری و چاونەترسی فەرماندە لۆید ئۆستن کرد،
بایدن بەسەر هاتێکی خۆی لەگەڵ ئۆستن گێڕایەوە و گوتی: "ئەوکاتەی کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووم، لە نێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانان لەکۆبوونەوەدا بووین، لەناکاو مووشەکێک لە نزیک شوێنی کۆبوونەوەکە کەوتە خوارەوە".
بایدن دەڵێت بەڵام ئەمە رۆژێکی ئاسایی بوو بۆ فەرماندە لۆید ئۆستن وەکو هەموو رۆژێکی دیکە، فەرماندە گوتی گوێی پێمەدەن و با لە کۆبوونەوەی خۆمان بەردەوامبین، ئێمەش لەدوای ئەو گوتمان با بەردەوامبین. بایدن دەڵێت "هاوپەیمانان بەلایانەوە سەیربوو کە سەرەڕای ئەو رووداوە ئێمە لە کۆبوونەوە بەردەوامین".
دوای دەستنیشانکردنی وەک وەزیری بەرگری ئیدارەکەی، جۆ بایدن ستایشی فەرماندە لۆید ئۆستنی کرد گوتی: "کەسێکی گونجاوە لەکاتێکی گونجاو". بایدن هەروەها گوتی: "فەرماندە لۆید سەرپەرشتی چەندین هاوپەیمان و شەڕی دژی تیرۆری کردووە و ئەرکەکانی بە بەرزترین ستاندارد و لەژێر گوشارێکی تووند جێبەجێکردووە".
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا زیاتر ستایشی بەربژێرەکەی کرد و گوتی: "ئۆستن بەشداری لە هەندێک بارودۆخی زۆر ئاڵۆزی سەربازی لە مێژووی ئەمریکادا کردووە". بایدن پێیوایە کەسێکی گونجاوی لە کاتێکی گونجاودا بۆ وەزارەتی بەرگری دەستنیشانکردووە.
لۆید ئۆستن فەرماندەیەکی رەشپێستی سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامایە، ئەگەر کۆنگرێس لۆید پەسند بکات، دەبێتە یەکەمین رەشپێست لە مێژووی ئەمریکادا ئەو پۆستە وەربگرێت.
ئۆستن لە ساڵی 2003 فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بوو، کاتێک هێرشیان کردە سەر بەغدا.
لە کانوونی یەکەمی 2008 سەردانی هەولێری کردووە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمێکی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی کۆریای باشوور. ئۆستن تەمەنی 67 ساڵە و لە ئیدارەی باراک ئۆبامادا فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بوو، ماوەیەکیش سەرپەرشتیی هێزەکانی ئەمریکای دەکرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە 8ی ئابی 1953 لە ویلایەتی ئالاباما لەدایکبووە، 41 ساڵ خزمەتی سەربازیی هەیە، 7 ساڵ خزمەتی کەمە لەوەی ببێتە وەزیری بەرگری، هەربۆیە دەبێت کۆنگرێسی ئەمریکا یەکلایی بکاتەوە لەوەی کە ببێتە وەزیر یاخود نا.
بەربژێرەکەی بایدن لە شەڕی عێراق و ئەفغانستان و لەدوای 2012شدا لە داڕشتنی ستراتیژی شەڕی دژی داعش رۆڵی هەبووە، خاوەنی 17 خەڵاتی سەربازیی رێزلێنانی جۆراوجۆرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ