رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین شەش چەکداری داعش کوژران، کە سێیان لەلایەن جووتیارێکەوە کوژران کە دواتر خۆشی لەلایەن داعشەکانەوە کوژرا.
کاژێر 1:10ی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە 10-12-2022 شەش چەکداری داعش هەڵدەکوتنە سەر گوندێک لە سنووری ناحیەی شرگات لە پارێزگای سەلاحەدین. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "فەوجی دووی لیوای 91ی سوپای عێراقی، بە هاوکاری خەڵکی سڤیل و حەشدی عەشائیری، شەش چەکداری داعشیان کوشتووە و کەسێکیش لە خەڵکی ناوچەکە شەهید بووە."
لەبارەی چۆنێتی رووداوەکە، محەممەد شێخ شێخ، جێگری ئەفسەر لە سوپای عێراق بە رووداوی گوت، "شەش چەکداری داعش چوونەتە سنووری شرگات، لەکاتێکدا جووتیارێک سەرقاڵی کێڵانی زەوی بووە، چەکدارەکان دەبینێت و رووبەڕوویان دەبێتەوە و سێ چەکداریان دەکوژێت، بەڵام دواتر سێ چەکدارەکەی دیکە جووتیارەکە دەکوژن."
محەممەد شێخ شێخ کە بەرپرسی خاڵێکی سەربازییە لە فەوجی 2ی لیوای91ی سوپای عێراق ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی سوپای عێراق گەیشتە ناوچەکە، سێ چەکدارەکەی دیکەی داعشیان کوشتووە. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش دەڵێت، "دوو لەو چەکدارانە خۆکوژ بوون."
لەبارەی بوونی ئەو چەکدارانە لەو سنوورەش گوتی، "ژمارەیەک چەکداری داعش لە دەشتاییەکانی ئەو سنوورە ماونەتەوە و جارجار کردەی تووندوتیژی و هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سڤیل."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ