رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە گوندێکی سەر بە ناحیەی بەرتلەی پارێزگای نەینەوا، باوکێک بەهۆی مۆبایلێکەوە کوڕە تەمەن 14 ساڵانەکەی ئەشکەنجە داوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە دەڵێت، "بابەتەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە و باوکەکە دەستگیرکراوە."
شەوی رابردوو لە گوندی خەزینەی سەر بە ناحیەی بەرتلە لە پارێزگای نەینەوا، باوکێک بەناوی"ع. غ. خ" کوڕەکەی خۆی بەناوی "س. ع. غ" کوڕە تەمەن 14 ساڵانەکەی دەکوژێت. یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە بە رووداوی گوت، "ماوەیەکە هەست دەکەین ئەو پیاوە لەگەڵ کوڕەکەی کێشەی هەیە و ئەوە جاری یەکەمی نییە ئەشکەنجەی بدات."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-6-2023، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەینەوا بە رووداوی گوت، "هێشتا روون نەبووەتەوە ئەو پیاوە بە کاریگەریی مادەی هۆشبەر کوڕەکەی خۆی کوشتووە یان نا." بەڵام عەلی ئەسکەندەر، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە سەبارەت بە رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، پاساوی زۆری هەیە و ئەو بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە."
بەپێی قسەی دانیشتوویەکی گوندەکە کە قسەی بۆ رووداو کردووە، هۆکاری کوشتنی کوڕەکە لەلایەن باوکییەوە بۆ "شکاندنی مۆبایلێک" لەلایەن کوڕەکەیەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوەش باوکی تووڕەکردووە و ئەشکەنجەی داوە تاوەکو گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئەو وێنانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، کوڕەکە لەشی مۆر بووەتەوە، بەشێک لە جەستەشی ئاوساوە.
سامی ئەلفەیسەل، سەرۆکی رێکخراوی موتەحیدە بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگای نەینەوا بە رووداوی گوت، "ئەو پیاوە بەشێوەیەکی زۆر تووند ئەشکەنجەی کوڕەکەی داوە."
سامی ئەلفەیسەل گوتی، "دوای بەدواداچوونی ئێمە بۆ رووداوەکە و قسەکردن لەگەڵ دانیشتووانی گوندەکە دەرکەوت ئەو کوڕە زۆر بێدەنگ و بێ کێشە بووە، بەڵام ئەشکەنجەی تووند بووە هۆی گیانلەدەستدانی، دیارنییە هۆکارەکە بەتەواوەتی ئابووری بووە یان بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرەوەیە، بەڵام دوای ئەوەی کوڕەکە مۆبایلەکەی شکاندووە باوکەکە پەلاماری داوە و لێیداوە تا کوشتوویەتی."
لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 15 هەزار تووندوتیژی لە عێراق تۆمارکراون، هەرچەندە لەساڵی 2020ەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی"ی پەسندکردووە و بۆ پەرلەمانی نارد، بەڵام تائێستا ئەو رەشنووسە بەهۆی ناکۆکییەوە پەسند نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ