رووداو دیجیتاڵ
لەنێوان گرووپی چەکداریی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدر و عەسائیبی ئەهلی حەقی قەیس خەزعەلی لەنێو کۆڵانەکانی شاری بەسرە شەڕە تەقە روویدا.
شەڕەکە رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023 دروستبوو، دوای ئەوەی چەکدارانی عەسائیب گەنجێکی سەر بە رەوتی سەدریان کوشت؛ کەسوکاری گەنجەکەش دوو چەکداری عەسائیبیان کوشت.
هێزە ئەمنییەکان کەوتنە ئامادەباشی؛ ژمارەیەک رێگەی سەرەکی داخران. لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەش، سێ پۆلیس بریندار بوون. فەرماندەیەکی سەرایا سەلام دەڵێت، هەر کارێک پێویست بێت بۆ پاراستنی ئەندامەکانیان دەیکەن.
محەممەد ماجد، فەرماندەی فرقەی سێی سەرایا سەلام دەڵێت، "خەڵکێکی رێکخراوین و سەرکردایەتیمان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا رێگەنادەین هیچ کەسێک رۆڵەکانمان بکاتە ئامانج. هێڵی سوورە هەر ئەندامێکی رەوتی سەدر بکرێتە ئامانج؛ هێڵی سوورە هەر ئەندامێکی سەرایا سەلام بکرێتە ئامانج. رێگە بە کەسانی لە یاسا دەرچوو و میلیشیای بێزراو نادەین".
چەندجارێک شەڕ لەنێوان سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق دروستبووە. ئەیلوولی ساڵی رابردوو لە بەسرە لە شەڕ و پێکدادانی نێوانیان پێنج کەس کوژران و 20ی دیکە بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ