رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئابووریى عێراق چەند راسپاردەیەک پەسند دەکات کە تایبەتن بە پشتنبەستن بەو پشکنینانەى کوالیتى کۆنتڕۆڵى هەرێمى کوردستان بۆ کاڵا و بەرهەمە ناوخۆییەکان دەیکات، بەگوتەى سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان، پێشتر بەغدا کارى بە پشکنینەکانی هەرێمی کوردستان نەدەکرد.
ئەو بڕیارانە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئابوورى عێراق بووە کە 12ى ئایارى 2025 بە سەرۆکایەتى فوئاد حوسێن، جێگیرى سەرۆکوەزیران و وەزیرى دەرەوە کراوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا چەند راسپاردەیەک پەسند کران کە تایبەتن بە کوالیتى کۆنتڕۆڵ لە نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى، کە لەلایەن لیژنەیەکى تایبەتمەندی نێوان هەردوولا ئامادە کرابوو.
یەکێک لە راسپاردەکان ئەوەیە کە پشت بە پشکنینەکانی دەزگاى کوالیتى کۆنتڕۆڵى فیدڕاڵ و کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکان لەلایەن دەستەى کۆاڵیتى کۆنتڕۆڵى هەرێمى کوردستان ببەسترێت.
راسپاردەیەکى دیکە ئەوەیە چاودێری و پشکنینى کاڵا هاوردەکراوەکان لەو دەروازە سنووریانەى هەرێمى کوردستان کە لە لایەن حکومەتى فیدراڵى دانى پێدانراوە، لەلایەن دەستەى کواڵیتى کۆنتڕۆڵى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا رێگەپێدراوەکانى ئەو بوارە دەبێت.
سەرچاوەیەکى بەرپرسى حکومەتى هەرێمى کردستان، کە ئاگادارى ئەو پرسەیە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: پێشتر حکومەتى فیدڕاڵى دانی نەدەنا بە پشکنینى کواڵیتى کۆنتڕۆڵى هەرێمى کوردستان بۆ کاڵاى هاوردەکراو بەرهەمی ناوخۆیی."
راسپاردەیەکى دیکە ئەوەیە کە دەستەى کواڵیتى کۆنتڕۆڵى هەرێمى کوردستان ئەو پێوەرانە جێبەجێ بکات کە پشتیان پێدەبەسترێت بەوانەشەوە کە دەزگاى کواڵیتى کۆنتڕۆڵى عێراق کاریان پێدەکات.
ئەو لیژنەیەى راسپاردەکانى ئامادەکردووە، بەگوێرەى فەرمانى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دامەزراوە، نوێنەرانى وەزارەتى ناوخۆ و کوالیتى کۆنتڕۆڵى هەرێمى کوردستان و بەغدا و نوێنەرانى وەزارەتى پیشەسازى فیدڕاڵ تێیدا ئەندام بوون.
ئەندامانى ئەو لیژنەیە پێشتر لە 3ى ئادارى 2025 کۆبوونەتەوە و کۆنووسێکیان لە بارەى ئەوە راسپاردانەوە واژۆ کردووە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى پەیوەندارن بە پشکنینى کوالیتى کۆنتڕۆڵ لە نێوان هەردوولادا.
بەگوێرەى کۆنووسەکە، دەزگاى کواڵیتى کۆنتڕۆڵى عێراق تایبەتمەندییەکانى ئەو دەزگایە دەنێرێت بۆ هاوتاکەى لە هەرێمى کوردستان و هەردوولا لە رێگەى ئیمەیڵەوە نووسراوى نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن تاوەکو سەکۆیەکى ئەلیکترۆنى دروست دەکرێت بۆ گۆڕینەوەى زانیارییەکان و رێکار و رێنماییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ