رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی دووشەممە، دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی 12 سکاڵا کۆببێتەوە؛ سێ دانەیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. یەکێک لە سکاڵاکان دژی پاشەکەوتکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە کە لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراقەوە تۆمارکراوە کە سەر بە حیزبوڵای عێراقە. سکاڵایەکیشیان لەلایەن پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێوە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران تۆمارکراوە.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی دووشەممە، 13-8-2023، دادگەکە کۆببێتەوە. سێ لە سکاڵاکان پەیوەندییان بە سێ بابەتی دارایی و رێوشوێنی کارگێڕی لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. سکاڵای یەکەمیان لەلایەن سعود سەعدوون ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق کە فراکسیۆنی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق لە پەرلەمان تۆمارکراوە. سکاڵاکە دژی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوا دەکات بڕیاری ژمارە 61ـی ساڵی 2020ـی تایبەت بە پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بەنادەستووری دابنرێت.
رۆژی یەکشەممە، 13-8-2023، مەهدی سبێحاوی، پارێزەرەی دۆسیەی پەرلەمانتارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی ئامادەی دادگە دەبین. سکاڵامان دژی پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە بە پشتبەستن بەو خۆپێشاندانانەی لەلایەن فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دژی پاشەکەوتکردنی مووچەکانیان کرا."
مەهدی سبێحاوی گوتی، "بڕیاری پاشەکەوتکردنی مووچە دژی چەندین بڕگە و مادەی دەستوورییە و دەبێت لەلایەن دادگەکەوە بە نادەستووری بناسرێت".
بڕیاری ژمارە 61ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 31ـی ساڵی 2020 درا، لە 4 خاڵ و 8 بڕگە پێکهاتبوو و بەپێی بڕیارەکە؛ تەمویلکردنی پارە بۆ مووچە لە 100٪ـەوە بۆ 79٪ کەمکرایەوە، واتە لێبڕینی مووچە کرایە 21٪.
هەر رۆژی دووشەممە، 13-8-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەکی رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەکات تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لەو سکاڵایە کە ژمارە 134/فیدراڵی/2023ی هەیە و لەسەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیار بە نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە 56ـی ساڵی 2015ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بدات، کە بەپێی ئەو بڕیارە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن. لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ