سێ فراکسیۆنی کوردستانی: کارنامەی حکومەتەکەی زەیدی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای پشتگوێ خستووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەرسێ فراکسیۆنەکە
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەرسێ فراکسیۆنەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێ فراکسیۆنی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند، کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق، هیچ ئاماژەیەکی جیدیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا تێدا نییە.
 
رۆژی پێنچشەممە، 14ـی ئایاری 2026، سێ فراکسیۆنی ئۆپۆزیسیۆن (نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان) بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کرد. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بە نوێنەرایەتیی هەر سێ فراکسیۆن گوتی: "وەک ئەندامێکی لێژنەی 14 کەسیی هەڵسەنگاندنی کارنامەی حکومەت، راپۆرتی  کۆتایی لێژنەکەیانی رادەستی عەلی زەیدی کردووە و پێی  گوتووە  کە لە کۆی 13 لاپەڕەی کارنامەکەدا، تەنیا لە یەک دێڕدا باسی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەویش تەنیا داوای پابەندبوونی هەرێمی کردووە بە کارنامەکەوە بەبێ ئەوەی باسی چارەسەری کێشەکان بکات.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو باسی لەوە کرد، پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای "قۆرخکاری و پشککاری" لە لایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش وای کردووە هێزە سیاسییە حەقیقییەکان کە نوێنەرایەتی دەنگی ناڕازیی خەڵک دەکەن، نەیانەوێت لە کابینەکەدا بەشدار بن. موسەننا ئەمین  گوتیشی : "چیدیکە  قابیلی قبووڵ نییە دەنگ بدەین بە حکومەتێک کە کارنامەکەی بۆ ئێمە روون نەبێت."
 
سەبارەت بە داواکارییەکانیان، موسەننا ئەمین گوتی: "ئەوان بەدوای پۆست و ئیمتیازاتدا ناگەڕێن، بەڵکو دەیانەوێت گەرەنتی بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، مافی جووتیاران، زیندانییانی سیاسی، خانەنشینان و هەرزانکردنی سووتەمەنی لە کارنامەکەدا هەبێت."
 
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان دژی حکومەت نین و دەیانەوێت سەرکەوتوو بێت، بەڵام "چاودێرێکی ورد دەبن بەسەر هەموو نوقسانییەک لە هەر وەزیرێک یان لە هەر  قۆناخێکی  جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتدا هەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە