رووداو دیجیتاڵ
سێ فراکسیۆنی کوردستانی و فراکسیۆنێکی شیعەکان بڕیاریاندا بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان نەکەن و دەنگ بە کابینەی حکومەتی نوێی عێراق نەدەن.
بەرزى ئەزمەڕ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی رایگەیاند، وەک فراکسیۆنەکانی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بڕیاریان داوە بایکۆتی کۆبوونەوەکان بکەن و بەشداری لە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە حکومەت نەکەن.
ئەو پەرلەمانتارە هۆکاری ئەو هەڵوێستەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەر سێ فراکسیۆنەکە 10 کورسییان هەبووە و داوای وەزارەتێکیان کردووە، بەڵام پێیان نەدراوە.
بەرزى ئەزمەڕ گوتی: "لایەنەکان پێیان گوتین کە ئەگەر لەگەڵ یەکێتی یان پارتی بن، دەتوانن وەزارەتێکتان پێبدەن، بەڵام بەوە رازی نەبووین."
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدانە لەسەر زیاتر لە 18 وەزارەتی کابینەی نوێی حکومەت لە کۆی 23 وەزارەتەکەی ئەو حکومەتە.
هاوپەیمانیی ئیشراقەی کانوون کە هەشت کورسیی پەرلەمانی هەیە، بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کرد.
ئەو هاوپەیمانێتییە لە راگەیێنراوێکدا بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی بەستەوە بەوەی کارنامەی حکومەتەکە دەرهاویشتەى تێڕوانینەکانیان نەبووە، بۆیە بڕیاریانداوە کە دەنگ بەو کابینەی حکومەتە نەدەن.
ئیشراقەی کانوون رایگەیاندووە، ئەوان تێبنییان لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی کابینەی حکومەتەکەش هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ