رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی چەکداری شیعەکانی عێراق داوا دەکات ئەمڕۆ هەینی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کە بە "مۆڵگەی شەیتان" و "دووژمنی ئیسلام" ناوی بردووە، خۆپێشاندان بکرێت. هۆکاری خۆپێشاندانەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، گوایە ئەمریکا دەستی بەسەر عێراقدا گرتووە.
گرووپی ئەسحابولکەهف، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی شیعەکان و تاوەکو ئێستا هیچ یەک لە سەرکردەکانی خۆیان ئاشکرا نەکردووە، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی خۆپێشاندانەکەی رۆژی هەینی، 14-7-2023، رایگەیاند: "دەمانەوێت بە برا و رۆڵەکانتان لە مقاوەمەتی ئیسلامی بڵێن کە نە بەشداریی هیچ پڕۆژەیەکمان لەگەڵ دووژمنانی ئیسلام کردووە و نە دەشیکەین، دەمانەوێت پێتان بڵیین کە بانگتان دەکەین بۆ خۆپێشاندان لە دژی مۆڵگەی شەیتان، کە بە باڵیۆزخانەی ئەمریکای دووژمنی ئیسلام دەناسرێت."
لە وەڵامی بانگەوازەکەی ئەو گرووپە تاوەکو ئێستا ژمارەیەک گرووپی چەکداریی شیعە لەنێویاندا گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق و حیزبوڵڵا گوتوویانە بەشدار نابن و داواشیان لە ئەندامەکانیان کردووە بەشداریی نەکەن، بەڵام گرووپی چەکداریی نوجەبا، کە لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت وەڵامی داوەتەوە کە بەگوڕ و تینەوە بەشداریی خۆپێشاندانەکە دەبن.
لەدوای کوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودسی ئێران لە 3ـی کانوونی 2020ەوە باڵیۆزخانەی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان چەندین جار کراونەتە ئامانج، لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021ـیشەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی چوونە سەر باڵیۆزخانەکە و گرژی لەنێوان ئەو هێزانە و حکومەت دروست بوو.
گرووپی ئەسحابولکەهف لە راگەیێندراوەیدا کە بەناوەی فاتیمە زەهرا دەستیپێکردووە، دەڵێت: "ئامانجی خۆپێشاندانەکە بەرگریکردنە لە مافەکانی عێراق و عێراقییەکان و هیچ پەیوەندیی بە هیچ دۆخێکی سیاسییەوە نییە."
هەروەها بە گرنگی زانیوە زۆرترین کەس بەشداریی لە خۆپێشاندانەکەی رۆژی هەینی بکات و دەڵێت: "ئامادەبوونی ئێوە دەیان ترسێنێت و دووپاتی دەکاتەوە کە دووژمنانی خاوەنی سەردەم دۆڕاون و خاوەنی ئێمە خاوەنی زەوییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ