دادگەی فیدراڵی سکاڵایەک لە دژی پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان رەتدەکاتەوە

14-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی فیدراڵی بڕیاری رەتکردنەوەی سکاڵای سەرۆکی فراکسیۆنی حقوقی سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی دا، کە تایبەت بوو بە پاشەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پارێزەری دۆسیەکە دەڵێت، "دادگەکە بە پاساوی لە تایبەتمەندی ئەو نییە داواکەی رەتکردەوە." هەروەها دادگەکە بڕیاریدا بە دواخستنی سکاڵای پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەسەر پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی دووشەممە، 14-8-2023، دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی ژمارەیەک دۆسییەی کرد، کە بەپێی خشتەی کارەکانی دیاریکرابوو، یەکێکیان سکاڵای پەرلەمانتار سعود سەعدوون ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق کە فراکسیۆنی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە پەرلەمان بوو. سکاڵاکە دژی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوای کردبوو بڕیاری ژمارە 61ـی ساڵی 2020ـی تایبەت بە پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بەنادەستووری دابنرێت.
 
دادگەی فیدراڵی بڕیاری رەتکردنەوەی سکاڵاکەی دا، رۆژی دووشەممە، 14-8-2023، مەهدی سبێحاوی، پارێزەری دۆسیەی پەرلەمانتارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دادگە سکاڵای پەرلەمانتار سعود ساعدی رەتکردەوە و رایگەیاند ئەو بابەتە لەچوارچێوەی تایبەتمەندی ئەو نییە و لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانییەتی."
 
بڕیاری ژمارە 61ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 31ـی ساڵی 2020 درا، لە 4 خاڵ و 8 بڕگە پێکهاتبوو و بەپێی بڕیارەکە؛ تەمویلکردنی پارە بۆ مووچە لە 100٪ـەوە بۆ 79٪ کەمکرایەوە، واتە لێبڕینی مووچە کرایە 21٪.
 
سکاڵای دووەم کە پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیەو لەلایەن رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکرابوو و تایبەتە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و داوای هەڵوەشاندنەوەی راگرتنەکە دەکات، دادگەی فیدراڵی بڕیاری دواخستنی سکاڵاکەی بۆ رۆژی 10ـی مانگی ئەیلوول دا.
 
لەو سکاڵایە کە ژمارە 134/فیدراڵی/2023ی هەیە و لەسەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیار بە نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە 56ـی ساڵی 2015ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بدات، کە بەپێی ئەو بڕیارە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
 
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن. لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی جۆری 10 هەزار دیناری. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

کارکردن بە یاسای بودجەى عێراق رادەگیرێت

لە ساڵی نوێوە کارکردن بە دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق رادەگیرێت و خەرجکردنی پارەش بۆ هەندێک لە پڕۆژەکان بەستراوە بە دەستبەربوونی پارە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەم دەڵێت، ئەم رێکارە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی نەختینە.