رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ کۆبووەوە و باسی وەرگرتن و بەکارهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیان کرد. کۆمپانیاکە بە لیژنەکەی گوتووە، بەنیازن بەرەبەرە بڕێکی زیاتر نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرن تاوەکو دەگاتە نزیک ئەو ژمارەیەی لە بودجەی گشتی پەسندکراوە.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ دەستمان کەوت، ئێستا نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە لە پاڵاوگە نێوخۆییەکانی عێراق بەکاردەهێندرێت و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو 20ـی ئۆکتۆبەر بڕی نەوتەکە زیاد بکرێت بۆ 120 هەزار بەرمیل کە ئاراستەی پاڵاوگەکانی موسەیەب و کەربەلا و دۆرە دەکرێن."
بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەو بڕە 400 هەزار بەرمیلی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.
عارف حەمامی، ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا قۆناخێکی نیمچە راگوزارییە، بەتایبەت لەڕووی دارایی و نەوتی بە دەستێوەردانی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە مەبەستمانە یاسای نەوت و گاز دەربکەین کە چارەسەری زۆرێک لە کێشەکان دەکات."
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، تائێستا هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستی پێ نەکردووەتەوە.
گۆڕینەوەی هەموو داتا و زانیارییەکانی نێو کۆبوونەوەکەی نێوان لیژنەی دارایی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ، ئامادەکارییە بۆ کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی دەرکەوێت کێ خاوەن مافە و کێ مافخوراو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ