رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە عێراق بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی کە چەند لایەنێکی سیاسیی شیعەی کۆکردووەتەوە رایگەیاند، رەوتی حیکمە لە چوارچێوەکەمان نەکشاوەتەوە، هاوکات رەوتی حیکمە دەنگۆی کشانەوەی لە چوارچێوەکە رەتدەکاتەوە.
عەباس عامری، ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمڕۆ یەکشەممە 14-11-2021، لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە دەنگۆی کشانەوەی رەوتی حیکمە لە چوارچێوەکە رایگەیاند، "ئەو هەواڵانەی کە لەبارەی کشانەوەی رەوتی حیکمە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڵاودەکرێنەوە راست نین".
هاوکات فادی شمەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمە، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند، "رەوتی حیکمەی نیشتمانی یەکێکە لە پایەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی (کە ماڵی سیاسی شیعەیە)، هەموو ئەو قسانەش لەبارەی کشانەوەی هیوا و پێشبینین و راست نین. کار بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی تەواو دەکەین کە هاوکێشەی سیاسی (عێراقی) و کارای لێدەکەوێتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، وائیل حازم، شرۆڤەکاری سیاسی، دوێنێ بە رووداوی راگەیاند: "دۆخەکە بەشێوەیەکی گشتی بە ئاراستەی پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانییە، رووخساری فراکسیۆنە گەورەکەی ئەو حکومەتە دەرکەوتووە، کە پێکهاتووە لە بەڕێز سەدر و بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز حەلبووسی، واتا دۆخەکە بە ئاراستەی دابەشبوونە لە پەرلەمانی عێراق، بەشی یەکەم پاڵپشتیکاریی حکومەتە، بەشی دووەمیش بەرهەڵستکار دەبێت، دواجاریش رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم و هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکشێنەوە و پاڵپشتیی حکومەتی نوێ دەکەن، بەڵام تێیدا بەشدار نابن، تەنانەت رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری لایەنگرانی خۆی لە نێو خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە بەردەم ناوچەی سەوز کشاندووەتەوە".
خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە زیاتر لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبین لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری رابردووەوە لە بەردەم ناوچەی سەوز لە بەغدا کە چەقی دەسەڵات و دامودەزگاکانی حکومەتە مانیان گرتووە، ئەوان داوای بە دەست ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردن یان دووبارەکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەن.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ هاوپەیمانیی فەتح، کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنە تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، بۆیە لایەنە بەشدارەکانی نێو هاوپەیمانیی فەتح زۆر ناڕازین لە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە، هاوکات رەوتی حیکمە لەو هەڵبژاردنە 4 کورسی پەرلەمان و هاوپەیمانی نەسریش تەنیا یەک کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ