بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا؛ هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت

28 خولەک له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زنجیرەیەک دیداری سیاسی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق لە بەغدا ئەنجامدا. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکان، تەوەری سەرەکی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بووە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار.
 
لە کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، باس لە مووچە کراوە. لە راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی دا هاتووە، سوودانی پابەندبوونی حکومەتەکەی بە پاراستنی مافی مووچەخۆران دووپاتکردووەتەوە.
 
"پەلە بکرێت لە ناردنی مووچە"
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، لە دیدارێکدا لەگەڵ سوودانی؛ بافڵ تاڵەبانی داوای لێکردووە پەلە بکرێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مافەکانیان بپارێزرێت.

 

 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی پابەندبوونی حکومەتەکەی بە رێککەوتنەکان و پاراستنی مافی مووچەخۆران دووپاتکردووەتەوە و، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە دیدگاکەی خزمەتکردنی خەڵک بێت."
 
بەڵام نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی گشتیی وڵات لە ئاستە جیاوازەکاندا کرا، هەروەها جەخت لە گرنگیی کارکردن بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کرایەوە کە حکومەت کاریان لەسەر دەکات، لەگەڵ بەهێزکردنی سەقامگیری بەو شێوەیەی خزمەت بە رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکات."
 
نووسینگەکە دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی قۆناخی دوای هەڵبژاردن کرایەوە، بەتایبەت دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان، هەروەها پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان کار بکەن بۆ تەواوکردنی دەستکەوتی هەڵبژاردن بەپێی ئەو وادە دەستوورییانەی کە راگەیێندراون." 

 

 
فایەق زێدان: دەبێت لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی دیاری بکرێت
 
هەر ئەمشەو، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە.
 
لە راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی دا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکە جەخت لەوە کرایەوە پابەندبوون بە بنەما دەستوورییەکان تەنیا رێگەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ."
 
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە، "دەستوور دەتوانێت عێراق بەرەو سەقامگیرییەکی هەمیشەیی ببات و مافی هەمووان گەرەنتی بکات."
 
لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی دادوەریشدا هاتووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری روونی کردووەتەوە، "یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران کە بڕیارە لە 29/12/2025 بەڕێوەبچێت، دەبێت بە یەکلاییکردنەوەی ناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی کۆتایی بێت."
 
فایەق زێدان ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە رووی دەستووری و یاساییەوە هیچ بوارێک نییە بۆ دواخستن یان درێژکردنەوەی ئەو دانیشتنە." 

 

 
دەبێت حکومەتی داهاتوو توانای چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی هەبێت
 
لە درێژەی دیدارەکانیدا، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی تەقەدووم کۆبووەوە.
 
نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، تەوەری کۆبوونەوەکە جەختکردنەوە بووە لەسەر هاوئاهەنگی نێوان لایەنەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی.
 
سەرۆکی یەکێتی روونی کردووەتەوە، "حکومەتی داهاتوو دەبێت حکومەتێک بێت توانای چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی هەبێت و پارێزەری مافە دەستوورییەکانی هاونیشتمانییان بێت."
 
بافڵ تاڵەبانی: پەرۆشین بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، لە "ماڵی مام" لە بەغدا، بافڵ تاڵەبانی پێشوازی لە رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون کرد.
 
نووسینگەکە رایگەیاندووە، لە دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتی پەرۆشیی حزبەکەی بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار دەربڕی."، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، ستراتیژی ئەوان ئەوەیە حکومەتێکی بەهێز بێتە کایەوە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند ئۆتۆمبێلێک لەسەر شاحینەیەک بارکراون و گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان. وێنه: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆتۆمبێل لە سەرەتای ساڵی نوێوە بە مەرجی نوێ هاوردەی عێراق دەکرێ

دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی عێراق دەڵێ، لە سەرەتای ساڵی نوێوە هیچ ئۆتۆمبێلێک بێ جێبەجێکردنی مەرجە نوێیەکان، هاوردەی عێراق ناکرێ.