راوێژکاری سوودانی: 165 هەزار قوتابی گەڕێندراونەتەوە بۆ خوێندن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پەروەردە ئاشکرای دەکات، دەستپێشخەریی "گەڕانەوە بۆ خوێندن" لە دوو ساڵدا 165 هەزار قوتابیی دابڕاوی گەڕاندووەتەوە بۆ خوێندن. دەشڵێت، پڕۆژەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
 
عەدنان سەراج، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستپێشخەرییەکە کە لەژێر چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە پاڵپشتیی رێکخراوی یونیسێف بەڕێوەدەچێت، لە دوو ساڵی رابردوودا لە پارێزگاکانی عێراق "سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە."
 
بەگوتەی عەدنان سەراج، تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەدا "165 هەزار قوتابیی دابڕاو لە خوێندن، گەڕێندراونەتەوە قوتابخانەکان."
 
سەبارەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستان، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران گوتی: "دەستپێشخەرییەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان لە رێکارەکانی پەروەردە و خوێندندا سەربەخۆیە."
 
عەدنان سەراج ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵیانداوە پڕۆژەکە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و سەردانی دوولایەنە کراوە. ئەو گوتی: "وەڵامی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان زۆر نایاب بوو و هەندێک دەستکەوتیشمان هەبوو، بەڵام بەگشتی وەڵامدانەوەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی چاوەڕوانییەکانماندا نەبوو."
 
حکومەتی عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەی پڕۆژەی "گەڕانەوە بۆ خوێندن" بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە.
 
عەدنان سەراج ئاشکرای کرد، لە بودجەی گشتیی عێراقدا  یەک ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکە تەرخانکراوە. راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت: "پێشتر هیچ دەستپێشخەرییەکی پەروەردەیی ئاستێکی لەو شێوەیەی لە پشتگیری و چاودێریی بەردەوام بەدەستنەهێناوە."
 
دەستپێشخەرییەکە لە ئەیلوولی 2024ـەوە وەک هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وازهێنان لە خوێندن دەستیپێکردووە. 
 
لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ململانێکانەوە، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی عێراق لە خوێندن دابڕاون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە