بەرپرسێکی رەوتی حیکمە: پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ گرووپە چەکدارەکانە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکی کەم لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان ماوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێرەکانیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. گوتەبێژی پارتی تەقەدووم دەڵێت، حەلبووسی تاکە بەربژێری ئەوانە و بەهێزترینە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە دەڵێت، دەدرێتە لایەنەکانی سەر بە گرووپە چەکدارەکان.

یەحیا محەممەدی، گوتەبێژی پارتی تەقەدووم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاکە بەربژێری ئێمە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان تەنیا محەممەد حەلبووسییە. بەهێزترینشە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە."
 
گوتەبێژی پارتی تەقەدووم ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆ لەگەڵ حیزبە سیاسییە سوننەکانی دیکە بەردەوامە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
 
بەپێی نەریتە سیاسییەکەی عێراق، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کورد دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکان لە نێوان خۆیاندا لەسەر یەکلاییکردنەوەی بەربژێرەکان رێکنەکەوتوون.
 
کەڕامی عەبدولغەفوور، سەرکردە لە تەقەدووم بە رووداوی گوت، "زیاتر لە 70٪ی خەڵکی ئەنبار و دەنگدەرانی تەقەدووم، دەیانەوێت محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان بێت."
 
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە رووداوی گوت، "دوو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەن، کە محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم و موسەننا سامەرایین، بەڵام هێشتا پرسەکە یەکلایی نەکراوەتەوە."
 
23ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سوننەکان ئەنجوومەنێکیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ پێکهێنا، کە لە پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم پێکدێت و زیاتر لە 70 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن.
 
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، بەڵام لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێک و بە بڕیاری دادگەی پەرلەمان، متمانەی پەرلەمانتاریێتی لێوەرگیرایەوە.
 
'پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ گرووپە چەکدارەکانە'
 
رۆژی شەممە، 20ـی ئەم مانگە، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران کە بڕیارە لە 29/12/2025 بەڕێوەبچێت، دەبێت بە یەکلاییکردنەوەی ناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی کۆتایی بێت.
 
فایەق زێدان ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رووی دەستووری و یاساییەوە هیچ بوارێک نییە بۆ دواخستن یان درێژکردنەوەی ئەو دانیشتنە."
 
سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون بە رووداوی راگەیاند، "پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری لەسەر دەدرێت."
 
ئەو ئەندامەی سادیقوون ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە وەکو سادیقوون بەربژێری خۆمان دەبێت و لایەنەکانی دیکەش بەربژێر پێشکێش دەکەن، بەڵام دۆسیەکە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران."
 
لەلایەکی دیکەوە، فەهد جبووری، سەرکردە لە رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت، "لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاڕادەیەک ئەوە یەکلایی کراوەتەوە کە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ لایەنەکانی سەر بە گرووپە چەکدارەکان بێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە