سوودانی مانگێک مۆڵەت دەداتە بانکەکانی حکومەت راپۆرتێکی بۆ ئامادەبکەن

14-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ  

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی بانکە حکومییەکانی عێراق دەکات لە ماوەی یەک مانگدا راپۆرتێکی لەبارەی کاری بانکەکان، مامەڵەکانیان، میکانیزمەکانی رێکخستن و چاودێریی پێبدەن. شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، "بانکەکان لە عێراق پێویستیان بە پێشخستنی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان بگونجێن".
 
رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی، بەڕێوەبەرانی بانکەکانی حکومەت کۆبووەوە بۆ بەدواداچوونی میکانیزمەکانی کاری بانکەکان و ئەو رێکارانەی لە چاکسازیی کارگێڕی و بانکیدا لەدوای دەستبەکاربوونی حکومەتەوە جێبەجێکراون.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی داوای لە بەڕێوەبەرانی بانکەکانی حکومەت کردووە کە لەماوەی یەک مانگدا راپۆرتێکی بۆ ئامادەبکەن تایبەت بە کاری بانکەکان کە "باشترین بەکارهێنانی سەرچاوە مرۆیی، دارایی و تەکنیکییەکان؛ هەروەها هەنگاوەکانی گۆڕینی کارکردن لە کاخەزەوە بۆ کارکردن بە ئامێرەکان و مامەڵەی ئەلیکترۆنیی سەرجەم چالاکییە بانکییەکان و فراوانکردنی خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنی تێدا بێت و راپۆرتەکەی پێبدرێت".
 
سوودانی داوای ئەوەشی لێکردوون دیدگە و پلانێکی گشتگیر بۆ بانکەکان دابڕێژرێت بۆ ئاسانکاریی بانکی، پێدانی قەرز و گەشەپێدانی میکانیزمەکانی کار، لەنێویاندا میکانیزمەکانی رێکخستن و چاودێری.
 
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەمدواییانە هەندێک هەنگاو نراون بۆ باشترکردنی کاری بانکەکان کە دەبوو 20 ساڵ لەمەوبەر بنرابان. هەنگاوەکان باشن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەدوای ساڵی 2003ـەوە کارێکی ئەوتۆ بۆ پێشخستنی بانکەکان نەکراوە، هەوڵی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی عێراق لەگەڵ سیستمی بانکی و دارایی جیهان بڕوات. دەبێت کاری بانکەکان رێکبخرێت و بە سیستم و ئەلیکترۆنی بکرێت."
 
بەهۆی ناجێگیریی بەهای دیناری عێراق و دابەزینی بەهاکەی لە ساڵی 2020ـەوە، بانکی ناوەندیی عێراق ژمارەیەک رێکاری گرتووەتەبەر. بەم دواییە و بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و دەرکەوتنی تێوەگلانی ژمارەیەک بانک لە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە، بانکی ناوەندیی عێراق چەندین نووسراوی دەرکردووە و چەندین رێوشوێنی گرتووەتەبەر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە