سیستانی پێشوازی لە قوتابییەکی نیڤشکانی سەرکەوتوو دەکات

15-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

عەلی سیستانی، مەرجی باڵای شیعەکان لە شوێنی مانەوەی خۆی لە شاری نەجەف پێشوازی لە قوتابی سەیفەدین سەعد زوهێری کرد، کە سەرباری ئەوەی نیڤشکانە، توانی ئەم ساڵ لە پۆلی شەشی زانستی نمرەیەکی بەرز بەدەستبهێنێت. سیستانی بە قوتابییەکەی گوتووە: "سەرکەوتنە مەزنەکەت وانەیەکی گرنگە بۆ هەمووان."
 
رۆژی هەینی 15-9-2023، نوێترین وێنەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونی لە شاری نەجەف بڵاوبووەوە کە بەپێی کەسە نزیکەکانی سیستانی پێشوازی لە سەیفەدین سەعد زوهێری، یەکێک لە قوتابییە سەرکەوتووەکانی عێراق و باوک و براکانی کردووە.
 
سیستانی وەکو محەممەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست نووسیویەتی، بە سەیفەدین سەعد زوهێری گوتووە: "سەرکەوتنە مەزنەکەت وانەیەکە بۆ هەمووان بەوەی هیچ شتێک نابێتە رێگر لەبەردەم سەرکەوتنی مرۆڤ لە ژیاندا لەگەڵ بوونی ئیرادەیەکی پۆڵایین و رژدبوونێکی زۆر." 
 
عەلی سیستانی هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی گەیاندووەتە باوک و کەسوکاری ئەو قوتابییە کە رۆڵیان هەبووە لە سەرکەوتن و بەدەستهێنانی نمرەی بەرز.
 
سەیفەدین سەعد بەتاح حەمید زوهیری، دانیشتووی شاری دوایە لە پارێزگای زیقار، ئەو سەرباری ئەوەی نیڤشکانە و دەست و قاچەکانی کارناکەن و ناتوانێت بەتەنیا خواردن بخوات و خواردنەوە بخواتەوە، توانی نمرەی 89.25 لە بەشی زانستی بەدەستبهێنێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە