رووداو دیجیتاڵ
15 پەرلەمانتاری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق یاداشتێکی ناڕازییان داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە دژی ئەو هەوڵانەی بۆ لەکارلابردنی پارێزگاری ئێستای نەینەوا دەدرێن. یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە، دەڵێت: "هەندێک لایەنی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان دەیانەوێت لابردنی پارێزگاری نەینەوا بکەنە دەستکەوتی هەڵبژاردن بۆ خۆیان."
15 ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە نوێنەرانی پارێزگای نەینەوا کە بەشێکیان کوردن، یاداشتێکی ناڕەزایەتییان داوەتە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە دژی ئەو هەوڵانەی بۆ لەکارلابردنی نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا دەدرێن.
لە یاداشتەکەی ئەو پەرلەمانتارانە هاتووە: "ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و گەشەکردنە ئابووری و خزمەتگوزارییەی لە پارێزگای نەینەوادا هەیە، بەهۆی بەڕێوەبردنییەوەیەتی لەلایەن نەجم جبووری پارێزگارەوە کە حەکیمانە و بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم رۆڵەکانی پارێزگاکەی کردووە، ئێمە نوێنەرانی پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق و پارێزگاکانی دیکەش دژی لەسەر کار لابردنی پارێزگاری نەینەواین کە هەندێک لایەنی سیاسی و پەرلەمانتار بۆ مەبەستی کەسی و بەرژەوەندیی هەڵبژاردن کاری لەسەر دەکەن."
ئیبراهیم میرانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە نوێنەرانی پارێزگای نەینەوا کە واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە، رۆژی هەینی 15-9-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی سەر بە گرووپەکانی چەکدار هەوڵێکیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی پارێزگاری ئێستای نەینەوا لەسەر کار لابدەن، ئێمە دژی دەوەستینەوە، چونکە پارێزگاری ئێستا بەبێ جیاکاری لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگای نەینەوا کاریکردووە و خزمەتی گەیاندووە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "ئەو لایەنانە چوونەتە لای محەممەد شیاع سوودانی و داوای لابردنی نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوایان کردووە، بەڵام سوودانی پێیگوتوون هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نزیکە و لابردنی جبووری ئێستا ناکرێت."
نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا، لەدایکبووی ساڵی 1965ـی نەینەوایە، پێشتر فەریقی سەربازیی بووە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نەینەوا بووە و بەرپرسی یەکەمی کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا بووە لە دەستی داعش لەو پارێزگایە.
پێشتر ژمارەیەک پۆستی مەدەنی و سەربازیی هەبووە، لەنێویاندا قایمقامی تەلەعفەر، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، بەڕێوەبەری پۆلیسی رۆژئاوای نەینەوا و تەلەعفەر، لە 24ـی حوزەیرانی 2015 دوای دوو مانگ لە وەرگرتنی پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا 16 کەس لە ئامۆزا و کەسە نزیکەکانی لەلایەن داعشەوە کوژران.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 دوای خانەنشینبوونی لە بواری سەربازی کرایە پارێزگاری نەینەوا و لەو کاتەوە لەو پۆستەیدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ