پەیامنێری رووداو: ئەم هەفتەیە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە سەردانی بەغدا دەکات

16-03-2024
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، ئەم هەفتەیە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان سەردانی بەغدا دەکات. 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتیشی، ئەم شاندەی هەرێمی کوردستان "بۆ ئەوە دەچێتە بەغدا تاوەکو مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان یەکلایی بکاتەوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دادگەی فیدراڵی کۆدەبێتەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان "لە ئاستێکی باڵا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچە لە گفتوگۆدایە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، چاوەڕێدەکرێت بەر لە جەژنی نەورۆز، بەغدا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. 
 
ئێستا مەلەفی مووچە لەبەردەستی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە و، لەسەر ئاستێکی بەرز لە هەولێرەوە لەسەر هێڵن تاوەکو چی زووترە گرفتی مووچە چارەسەر بکرێت و ئەوەی ماوە، بگات و بەم نزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات بکرێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پارەی زیاتر بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، تاوەکو لیستی هەموو مووچەخۆرێکی بە ناوی چوارییەوە بۆی نەچێت. دەشڵێت: ''وەزیری دارایی عێراق بە ئێمەی گوت دەبێت هەولێر خۆی کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە."
 
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەکرد، وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی، ئەوان پارە نانێرن بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی "کۆد یان ژمارە"؛ گوتیشی، "وەزارەتی دارایی عێراق پارە نانێرێت تاوەکو لیستی بۆ نەنێردرێت".
 
هەروەها سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حکومەتی عێراق پارەی بۆ مووچە خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچی دیکە نانێرێت تاوەکو لیستی بۆ نەنێردرێت؛ دەبێت هەرێمی کوردستان لە داهاتی نێوخۆ کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە".
 
لە 11ـی ئادارەوە وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 560 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان.
 
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پارەی ئەو لیستانەی ناردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆی ناردووە، بەڵام لیستی وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ، ئاسایش و ئەنجوومەنی ئاسایش، تەنیا بە ژمارە نێردراوە نەوەک بە زانیاری وردەوە.  
 
پارەکە بۆ مووچەی مانگی شوبات نێردراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە رانەگەیێندراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پارەی زیاتری کردووە بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا خشتەی تەواوی مووچەخۆران رابگەیێنێت.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 12ـی ئادار لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بۆ مووچەی مانگی شوبات داوای 949 ملیار 813 ملیۆن دیناریان لە بەغدا کردبوو، بەڵام بەو بڕەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە. 
 
رۆژی هەینی، 15-3-2024یش ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتی، داهاتی نێوخۆ 374 ملیار دینارە، بەڵام بەشێکی لە فەرمانگەکاندا چەکە و کاش نییە؛ بەشێکی دیکەی وەک داهات هەژمار دەکرێت، بەڵام بەشێوەی قەرزی ئاو، کارەبا و قەرزەکانی دیکەیە کە لای هاونیشتمانییانە و بەشێوەی کاش ناگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت. 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە