لە نەینەواوە تاوەکو بەسرە؛ حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی دەستپێکرد

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی بەرفراوانی لە چەندین پارێزگای عێراق دەستپێکرد، کە لە نەینەوا لە باکووری عێراق تاوەکو بەسرە لە باشوور دەگرێتەوە. حەشدی شەعبی دەڵێت، "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە راوەدوونانی پاشماوەکانی داعشە."
 
ئەمڕۆ شەممە، کاژێر 06:00ی بەیانی، دەستەی حەشدی شەعبی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنەکەی دەستپێکرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی عەبدولعەزیز محەممەداوی (ئەبو فەدەک)، سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی بەڕێوەدەچێت. تێیدا 15 فەرماندەیی ئۆپەراسیۆن و 16 جێگرایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی جیاوازی ناو حەشد بەشدارن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری داڕێژراوە و ئامانج لێی تێکدانی مۆڵگەکانی تیرۆرستان، بڕینی رێگەکانی هاتووچۆیان و وشککردنی سەرچاوەکانی هەڕەشەیە لە پارێزگاکاندا."
 
حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی ئەم جووڵە سەربازییەدا، هێزەکان لە چەندین تەوەرەوە بڵاوەیان پێکراوە و پرۆسەی پشکنین و پاککردنەوەی ناوچەکان دەستیپێکردووە. هەروەها کاراکردنی چاودێریی شەوانە، دانانی کەمین و زیادکردنی گەڕانە ئەمنییەکان بەشێکن لە پلانەکە بۆ رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی.
 
حەشدی شەعبی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە تاوەکو بەدیهێنانی تەواوی ئەو ئامانجانەی بۆی دانراوە بەردەوام دەبێت، "ئەوەش لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و چەسپاندنی ئاسایش لە سەرتاسەری خاکی عێراقدا."
 
حەشدی شەعبی لە حوزەیرانی 2014دا لە کاتی شەڕی داعشدا بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دامەزراوە. ئەو هێزە دواتر لە پەرلەمان بە دەنگی پەرلەمانتارانی شیعە و بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد و سوننە بووە هێزێکی فەرمی.
 
ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بە نزیکەی 250 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێن، لیواکانیان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و پارێزگای کەرکووک بڵاوکراونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق.

بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی: لە دەنگدان بە کابینەکەی زەیدی پێشێلکاریی یاسایی کراوە

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئەنجامدانی "پێشێلکاریی یاسایی" تۆمەتباردەکات و دەڵێ، بە مەبەست رێگری کراوە لەوەی قاسم عەتا متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی دەنگی پێویستی هەبوو.