گوتارخوێنی نەجەف: هێزی ئیسرائیلی لە بیابانی نەجەف بینراوە و شوانێک ئاشکرای کردووە

دوێنێ کاژێر 11:31
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێشنوێژ و گوتارخوێنی نەجەف هۆشداری لە هەبوونی مەترسیی "راستەقینە" دەدات و دەڵێ، هێزێکی ئیسرائیلی لە بیابانی نەجەف جێگیر ببوو تاوەکو شوانێک ئاشکرای کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی نوێی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە و دەبێت داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکات.
 
لە گوتاری نوێژی هەینیی، 15ـی ئایاری 2026دا لە شاری نەجەف، سەدرەدین قوبانچی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی شارەکە گوتی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دواجار سەرکەوتوو بوو لە تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت؛ گوتیشی: "حکومەتی نوێ بە وردی چاودێری دەکرێ و گەل تا ئەو کاتە لەگەڵی دەبێت کە حکومەت خزمەتی بکات." 
 
"هێزی ئیسرائیلی لە نەجەف بووە"
 
یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکەی گوتارەکەی سەدرەدین قوبانچی، پرسی بوونی هێزی ئیسرائیلی بوو لە بیابانی نەجەف و گوتی: "چۆن دەبێت هێزێکی ئیسرائیلی لە بیابانی نەجەف بێت و شوانێکی مەڕ و ماڵات ئاشکرای بکات؟ ئەمە مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ داهاتوو و دەبێت پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دابنرێ." 
 
ئەو پێشنوێژە گوتی :" دەزگا فەرمییەکان سەرەتا هەواڵەکەیان رەت کردەوە، بەڵام دواتر پشتڕاستیان کردەوە کە هێزەکە بۆ تێکدانی سیستمی فڕینی فڕۆکە ئێرانییەکان لەوێ جێگیر ببوو و دواتر دەرکراوە".
 
9ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە بیابانەکانی عێراقدا دامەزراندووە بۆ پشتیوانی لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئێران.
 
وەک رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، لە سەرەتای جەنگەکەدا بۆ ئەوەی شوێنی بنکەکە ئاشکرا نەبێت، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان کە خەریک بووە بنکەکە بدۆزنەوە.
 
بەڵام رۆژی 10ی ئایاری 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەزینی نوێی ئاسمانی لە بیابانی کەربەلا رووینەداوە. ئەو رووداوەی لە میدیای ئەمریکی باس دەکرێ بۆ 5ی مانگی ئادار دەگەڕێتەوە. ئەو کاتە رێوشوێنی پێویست لەبارەی ئەو دابەزینە ئاسمانییە رێگەپێنەدراوە گیرایەبەر کە لە بیابانی نوخێب روویدا".
 
خەڵک داواکاری لە حکومەتی نوێ هەیە 
 
قوبانچی پێنج خاڵی وەک داواکاری سەرەکیی خەڵکی عێراق لە حکومەتی نوێ دەستنیشان کرد کە بریتین لە دابینکردنی خزمەتگوزاری، بنبڕکردنی گەندەڵی، پاراستنی سەروەریی عێراق، پاراستنی ئاسایش و بایەخدان بە حەشدی شەعبی.
 
پێشنوێژ و گوتارخوێنی نەجەف ئاماژەی بەوەشکرد: "حەشدی شەعبی هێڵی سوورە، چونکە هێزێکی گورزوەشێنە لە بەرامبەر تیرۆردا."
 
بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکا، نووری مالیکی وەک بەربژێر چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عیراق گۆڕدرا و رۆژی پێنجشەممە 14-5-2026 کابینەکەی عەلی زەیدی لە پەرلەمانی متمانەی بەدەست هێنا.
 
بەرپرسانی ئەمریکا چەندینجار ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێویستە چەک لە عێراق تەنیا لە دەستی دەوڵەت بێت و گرووپە چەکدارەکان لە حکومەتدا بەشدار نەبن. 
 
پەنابردنی ئەمریکا بۆ چین
 
سەبارەت بە دۆخی نێوان ئێران و ئەمریکا، سەدرەدین قوبانچی رایگەیاند، سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین بۆ داوای نێوەندگیری بووە، تاوەکو چین رازی بکات بۆ ئەوەی ئێران لە هەڵوێستەکانی لە تەنگەی هورمز پاشەکشە بکات. 
 
سەدرەدین قوبانچی گوتیشی: "ئەمە دانپێدانانە بە سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی و شکستی پڕۆژەی رووخاندنی رژێمی ئێران، تاوەکو کار گەیشتە ئەوەی ئەمریکا بپاڕێتەوە."
 
ترەمپ لە سەردانە دوو رۆژییەکەدا لە چین لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و پرسی ئێرانیش یەکێک لە مژارەکان بوو.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەدرەدین قوبانچی داوای لە حکومەتی عێراق کرد باوەش بۆ ئەو هاووڵاتییە بەحرێنییانە بکاتەوە کە لەلایەن وڵاتەکەیانەوە وڵاتینامەیان لێ سەندراوەتەوە، بەتایبەت محەممەد غەلوم، خاوەنی سروودی (سلام یا مهدی) و گوتی: "بەخێر بێن بۆ نیشتمانی دووەمتان."
 
رۆژی 27ـی نیسانی 2026، حکومەتی بەحرێن وڵاتینامەی لە 69 کەس سەندەوە، بە تۆمەتی هاوسۆزییان بۆ "کردە دووژمنکارییەکانی ئێران" یان پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان.
  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڤێستا مام یەحیا، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانتارێکی پارتی: بەشێکی پەرلەمانتارانی یەکێتی دەنگیان بە رێباز حەملان نەدا

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، متمانە نەدانی پەرلەمان بە رێباز حەملان، بەربژێری حیزبەکەی بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن "هەژەند و پیلانێکی پشت پەردە" بووە و فراکسیۆنەکەیان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکات.