رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداری لە زیادبوونی رووەکێکی کێویی بەناوی "داتۆرا" دەدات و دەڵێ، ئەم رووەکە مەترسییەکی راستەقینەیە بۆسەر ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ، داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی بینینیدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق، رۆژی هەینی، 15ـی ئایاری 2026 بە رووداوی راگەیاند: "رووەکی داتۆرا یەکێکە لە رووەکە کێوییە هەرە مەترسیدارەکان، چونکە رێژەیەکی بەرز لە پێکهاتە کیمیاییە کارتێکەرەکانی تێدایە، لەوانەش سکۆپۆلامین و هیۆسیامین."
بەگوتەی عەقید عەباس بەهادلی، ئەم پێکهاتانە کاریگەرییەکی "زۆر تووندیان" لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە و دەبنەهۆی ژەهراویبوون، وڕێنە و تێکچوونی باری تەندروستی، کە هەندێک جار دەگاتە ئاستی مردن.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، ئەم رووەکە بە لاسکێکی ئەستوور و گەڵای پان و دداندار دەناسرێتەوە، گوڵەکەی شێوەی قووچەکییە، هەروەها بەرهەمەکەی وەک گۆیەکی دڕکاوییە و سەدان تۆوی ژەهراوی تێدایە.
ئەم رووەکە زیاتر لە ناوچە گەرمەکان، تەنیشت رووبارەکان، زەوییە چۆڵەکان و نزیک رێگەوبانەکان دەڕوێ. هەرچەندە شێوەی گوڵەکەی جوانە، بەڵام لەسەر ئاستی جیهان وەک گیایەکی زیانبەخش و مەترسیدار پۆلێن کراوە.
مەهدی سەهر جبووری، بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "رووەکی داتۆرا یەکێکە لە گیا ژەهراوییەکان. چەند ساڵێکە هەوڵێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە ئەمنییەکاندا هەیە بۆ بنبڕکردنی، بەتایبەتی لە کەنارەکانی رووباری دیجلە کە بە شێوەیەکی وەرزی لێی دەڕوێ."
عەقید عەباس بەهادلی داوا لە هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: "لە رێگەی ژمارەی بێبەرامبەری (911) ئاگادارمان بکەنەوە ئەگەر ئەم رووەکەتان لە شوێنێکدا بینی، چونکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر مرۆڤ، ئاژەڵ و تەنانەت بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش."
رووەکی داتۆرا بە "گیای شێت"یش ناسراوە، پێکهاتە کیمیاییەکانی وەک (سکۆپۆلامین و ئەترۆپین) کار لە کۆئەندامی دەماری مرۆڤ دەکەن، بەرکەوتن یان خواردنی تۆوی ئەم رووەکە لە هەندێ دۆخدا دەبێتە هۆی گەشکە، بێهۆشبوون و پەککەوتنی کۆئەندامی هەناسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ