رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، توانیویانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان 102 عێراقی لەو کەسانەی لە سنووری نێوان تورکیا و سووریا بوون، بگەڕێننەوە. دەشڵێت، ئەو کەسانە دانیشتووی سێ پارێزگای عێراقن.
ئەمڕۆ هەینی، 16-6-2023، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "کاروانێکی دیکەی عێراقییەکانی سنووری تورکیا و سووریا لەڕێگەی نووسینگەی وەزارەتەکە لە ئەنقەرە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا گەڕێندرانەوە بۆ عێراق."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئەو عێراقییانە لە رێگەی زەمینی و بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک گەڕاونەتەوە، ئەوانەی گەڕێندراونەتەوە خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبارن، دوای تەواوکردنی رێوشوێنەکانی هاتنەناوەوەی عێراق، ئەمڕۆ سەرجەمیان خۆبەخشانە گەیشتنەوە عێراق."
عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە لە ساڵانی 2006 و 2007 و بەشێکیان لە ساڵی 2014ـەوە چوونەتە سنووری نێوان سووریا و تورکیا لە شوێنێک لەو ناوچەیە لە کەمپ ماونەتەوە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی تورکیا بووە، ئەوانە ئێستا دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بۆیە لە داهاتوودا بە کاروان دێنەوە." گوتیشی، "بەشێکی ئەوانەی لەو ناوچەیەن پاسەپۆرتیان ون کردووە، بۆیە رێوشوێنەکانیان بۆ دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی لەڕووی ئەمنییەوە هیچ کێشەیەکیان نەمێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ