رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، عێراق خۆی هێزی ئەمنی هەیە، هەر بۆیە ئامانجی حکومەت کۆتاییهێنانە بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەدا.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-10-2024 رایگەیاند، "سەبارەت بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئامانجی حکومەت لەبەرنامەی کاریدا کۆتاییهێنانە بەو ئەرکە، کۆتاییهێنان بە ئەرکەکە [شتێک نییە کەسێک حەزی پێبکات]. ئێمە هێزی ئەمنیمان هەیە، بە پێی هەڵسەنگاندنی هاوپەیمانی توانا و لێهاتوویان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەی هەر گروپێکی تیرۆستی".
ماوە بە ماوە لە هەندێ ناوچەی عێراق، بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و دیالە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان دەکرێت.
قاسم ئەعرەجی لەو بارەیەوە گوتی، "هەموو ئەو تیرۆستانەی ماون، لەوپەڕی هەڵسەنگاندنەکان، 500 یان 600 تیرۆستن، لە دۆڵ، ئەشکەوت و شاخەکانن. زۆر کەمەکەی وەربگری، 10%یان بیانین. ئەمە ئاسانە، توانامان هەیە رووبەڕووی ئەوە ببینەوە، توانا و لێهاتوویی ئەوەمان هەیە. ئێ تەواو، پەیوەندی خۆمان کۆتایی پێدێنین، لە هەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانی و پێداگری پۆڵایین بۆ پەیوەندییەکی دوو لایەنە".
لەبارەی ئەوەی ئایا حکومەتی عێراق تاوەکو چەند سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "بابەتەکە لە حکومەت و لە ئیدارەی دەوڵەت باسکراوە، هەروەها لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، رۆژی راگەیاندنەکە 30 ئەیلوولی ساڵی 2025، ساڵى یەکەم کۆتایی دێت، ساڵی یەکەم دەبێت بەغدا، عەین ئەسەد و شوینەکانی دیکە خاڵی بێت لە هەر جۆرە بوونێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دەیگوێزنەوە بۆ هەولێر بۆ ماوەی ساڵێکی رەبەق، ئەو ئەرکەش تەواو دەبێت".
ئەو هەروەها گوتی، "ئەمە بە مانای پچڕاندن نایەت، بە مانای نکوڵیکردن لەوە نایەت کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراقی کردووە، بە پێچەوانەوە، ئەمە رێکدەخرێتەوە لە پەیوەندییەک لەگەڵ 86 دەوڵەت بۆ پەیوەندییەکی دوو لایەنە، لە نێوان دەوڵەتێک و دەوڵەتێکی دیکە، لەنێوان دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکە، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و هەر وڵاتێکی دیکە، جگە لە وڵاتێک کە بەدەرە لەمە، ئەڵمانیا کە لەگەڵیان ئەو [رێککەوتنە] ناکەین. رێککەوتنەکە چییە، رێککەوتنی ئەمنییە، هاوئاهەنگی هەواڵگری، ئەمنی و فراوان دەکرێت. رێککەوتنەکە بە تەنیا ئەمنی و هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ