ئەبو عەلی عەسکەری، سێبەری شەش ساڵ هەڕەشەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە ناوێکی خوازراوەوە شەش ساڵ وەک بەرپرسی ئەمنیی یەکێک لە باڵادەستترین گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق لێدوان، هەڵوێست و هۆشداریی هەبوو، فەرمانی دەدایە چەکدارەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، بەر لەوەی کوژرانى لە ئەنجامی بۆردوومانێک رابگەیێندرێت.
 
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، شوێن و کاتی کوژرانی ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی پێشووی ئەمنیی ئەو کەتیبەیەی رانەگەیاند، تەنیا سەرەخۆشی بۆ کوژرانی و دیاریکردنی ئەبو موجاهید عەسافی وەک جێگرەوەی بڵاوکردەوە.
 
لە 5ی ئاداری 2020ەوە ئەبو عەلی عەسکەری لە رێگەی گرووپێکی تێلێگرامەوە راگەیێندراوەکانی بڵاودەکردەوە.
 
هەندێکجار نووسینەکانی هەڕەشە بوون بۆ نەیارانی ئێران، هەندێ جاری دیکە فەرمانی شاراوە بوون بۆ ئامادەکاری یان ئەنجامدانی هێرش بۆ چەکدارانى کەتیبەکانى حیزبوڵڵا  یان دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی.
 
دوایین نووسینی ئەبو عەلی عەسکەری لە تێلێگرام لە 7ی ئاداری ئەم ساڵ بڵاوکرایەوە و گوتی: "دەبێت سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق جێی رەزامەندیی موقاوەمە بێت".
 
ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە پەیامی کوژرانی ئەبو عەلی عەسکەریدا دەڵێت: "شادەماری پەیوەندی بوو لەنێوان گۆڕەپانە سەربازییەکان و پێگە میدیاییەکان و رووبەڕووی هەواڵی ساختە دەبووەوە".
 
ساڵی 2020 بەهۆی هەڕەشەکردن لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق، لەلایەن دادگاوە فەرمانی گرتن بۆ ئەبو عەلی عەسکەری دەرچوو، بێ ئەوەی نە بناسرێتەوە و نە دەستگیربکرێت.
 
ئەو کاتە ناسناوەکەی بەسترایەوە بە حوسێن موئنیس کە ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنی حقوقـە لە پەرلەمانی عێراق، کە باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە.
 
گرووپە چەکدارەکانی عێراق ناوی هەندێک لە بەرپرسانیان بە خوازراو دەبەن بۆ نەناسینەوە و بەئامانج نەگرتنی خۆیان یان کەسە نزیکەکانیان.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە گرووپەکانی موقاوەمە ئاماژە بەوە دەدەن، ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسیارێتیی باڵای هەبووە و پلەى  راوێژکار بووە.
 
17ی ئاداری سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵای عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "ئەبو عەلی عەسکەری، ئەبو عەلی عامرییە". 
 
ئەبو عەلی عامری رۆژی 14ی ئاداری 2026 لە هێرشێکدا لە ناوچەی عەرەسات لە بەغدا کوژرا. 
 
ئەگەر ئەو گریمانەیە دروست بێت کە عەلی عەسکەری هەر عەلی عامرییە، ئەوا ئەو بەرپرس بووە لە کاروباری سیستمی مووشەک و راوێژکاری ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵاش بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سوودانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هێرشکارانی سەر کێڵگەی مەجنوون و باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەرکرد

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێزە ئەمنییەکانی راسپاردووە "دەستبەجێ" ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگەی نەوتی مەجنوون، هۆتێل رەشید و باڵیۆزخانەی ئەمریکا. سوودانی دەڵێت، "ئاسایشی وڵات هێڵی سوورە."