رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی بازگەیەکی حەشدی شەعبی لە قائیم کرد و رایگەیاند، لەو هێرشەدا 8 چەکدار کوژران و 7ـی دیکەش بریندار بوون؛ بە "بەزاندنی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەت"ـیشی ناوبرد.
رۆژی دووشەممە، 16-03-2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە هێرشێکی ترسنۆکانەدا، دەستەیەک لە پاڵەوانانی عێراق لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکە پیرۆزەکەیان بۆ پاراستنی خاکی نیشتمان کرانە ئامانج؛ هێرشەکە بازگەیەکی حەشدی شەعبی و چەند بارەگایەکی نزیکی لە قەزای قائیم-ی پارێزگای ئەنبار گرتووەتەوە، لە ئەنجامدا 8 کەس کوژران و 7ـی دیکەش بریندار بوون."
سەباح نوعمان، لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "بە تووندی و بێ ئەملا و ئەولا، رشتنی خوێنی پاکی رۆڵەکانمان و بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییە ئازاکانمان لە حەشدی شەعبی رەتدەکەینەوە؛ ئەم خوێنەی بۆ بەرگری لە شکۆی عێراق رژاوە لای ئێمە هەرزان نییە و بە هیچ شێوەیەک کەمتەرخەمیی تێدا ناکرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشکردنەسەر هێزێکی فەرمیی دەوڵەت کە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە، "بەزاندنی سەروەریی دەوڵەت و بەردەوامیی زنجیرەی ئەو خیانەتانەیە کە دەکرێتە سەر هێزە نیشتمانییەکان، ئەو هێزانەی وەک تاشەبەردێک بوون بۆ تێکشکاندنی پڕۆژەکانی تیرۆر و دابەشکاری."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە هێرشانە ناتوانن رێگری لە حەشدی شەعبی بکەن لە جێبەجێکردنی رۆڵە مێژووییەکەی بۆ بەرگریکردن لە عێراق و گەلەکەی.
لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە، فڕۆکە جەنگییەکان چەند جارێک پێگە و بنکەی حەشدی شەعبیان لە پارێزگای ئەنبار بۆردوومان کرد. هێرشی یەکەم کاژێر 15:30ـی دوای نیوەڕۆ بوو، کە تێیدا ژووری ئەمنیی حەشدی شەعبی لە بازگەی "شەهید حەیدەر" لە دەروازەی قەزاکە بۆردوومان کرا، دواتر جارێکی دیکە بۆردوومان کرایەوە.
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بارەگای فەوجی دووەم لە لیوای 18ـی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیمی سەر بە پارێزگای ئەنبار، رووبەڕووی بۆردوومانێکی 'ئەمریکی-ئیسرائیلی' بووەوە."
هەروەها بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان بنکەی فەوجی چواری لیوای 13 (لیوای تفووف) بە سەرۆکایەتیی قاسم موسڵح و لیوای 18 (سەرایا خۆراسانی) لە قەزای قائیمی ئەنبار بۆردوومان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ