رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنەکەی سوودانی لەبارەی کشانەوەی فراکسیۆنەکانی (عەقدی نیشتمانی و سۆمەرییون) لە هاوپەیمانیێتییەکەیان رایگەیاند، لە دانوستاندنەکانى پێکهێنانى حکومەت ناهاوسەنگى لە دابەشکردنى پشکەکاندا روویداوە و هەندێک فراکسیۆن پۆستى وەرگرتووە لە قەبارەى جەماوەر و بوونى لە پەرلەمان زیاتر بووە.
رۆژی یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتى دەکات، روونکردنەوەیەکی لەبارەی جیابوونەوەی دوو پێکهێنەری فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بڵاوکردەوە.
ئەو فراکسیۆنە کە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق 46 کورسی بەدەستهێنابوو، رایگەیاند، لەکاتی دانیشتنەکانی پێکهێنانی حکومەتدا بە پێویستیان زانیوە وەزارەتەکان بە کەسانی پیشەیی، بەتوانا و سەربەخۆ بدرێن، دوور لە پشکی لایەنەکان کە باری سەرشانی حکومەتەکانی پێشووی قورس کردبوو و هەروەها ئەدای دامەزراوەکانی بێهێز کردبوو.
دەشڵێت، بەڵام دەرهاویشتەکانی رێڕۆی دانیشتنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەریخست ناهاوسەنگییەکى روون هەیە لە دابەشکردنی پشکەکان و هەندێک فراکسیۆن پۆستیان وەرگرتووە کە لە قەبارەی کرداری جەماوەرەکەی و بوونی لە پەرلەمان زیاتر بووە و هەندێکیش هێندەی قەبارەی سیاسییەکەی و بەرکەوتەی هەڵبژاردنەکەی پۆستی بەرنەکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا رێگر نەبوون لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت.
14ـی ئایاری 2026، لە کۆی 23 وەزارەتی حکومەتی نوێی عێراق، بەربژێری 14 وەزارەت پەسەند کران و چواری دیکە رەتکرانەوە و ئێستا بە تێکڕای نۆ وەزارەت ماون دەنگیان لەسەر بدرێت.
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەی دەنگدان بە حکومەت، جیاوازییەکی روون هەبووە لە هەڵوێستی هەندێک لە پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنەکەیان بەرامبەر بە هەندێک لە وەزارەتەکانی حکومەت، کە لەسەر بنەمای بۆچوونی سیاسی و پەرلەمانی رێزلێگیراو بووە.
دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان پێکهێنەرانی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان وایکرد هەردوو فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی و بزووتنەوەی سۆمەرییون لێی بکشێنەوە، هۆکاری ئەو هەڵوێستەیان گەڕاندەوە بۆ ئەو دۆخەی لە کۆبوونەوەی 14ی ئایاری پەرلەماندا روویداوە، بەهۆی پەشیمانبوونەوە لە رێککەوتنە سیاسییەکان و پەشیمانبوونەوە لە بەڵێنەکان و ئەو پەیماننامانەی کە پێشتر سازانیان لەسەر کراوە.
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاندووە، هاوبەشەکانیان لە عەقدی نیشتمانی بەگوێرەی ژمارەی پەرلەمانتارەکانیان کە 11 کورسییە، وەزارەتی کشتوکاڵیان بەدەستهێناوە، پێشتریش پشتیوان بوون بۆ ئەوەی کە بزووتنەوەی سۆمەرییون بەگوێرەی پێگەی خۆیان کە پێنج ئەندامی پەرلەمانە، پشک وەربگرن و، ئێستاش رێز لەو دوو فراکسیۆنە دەگرن کە هاوبەشیان بوون لە قۆناخی هەڵبژاردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ