رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تووندی هێرش دەکاتە سەر سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و ئەوەی لە دانیشتنی دەنگدان بە کابینەکەی زەیدی روویدا، بە "ستەمێکی ئاشکرا" ناو دەبات. ئەندامێکی هاوپەیمانییەکەش دەڵێت، "خەریکی پێداچوونەوەین بە پەیوەندییەکانمان لە ناوەوە و دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی."
یوسف کیلابی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رەخنەی تووندی لە رووداوەکانی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گرت و رایگەیاند: "ئەوەی لە پەرلەمان روویدا، بێڕێزییەکی گەورەیە و تەنانەت لە ساڵی 2005ـیشدا، کە لووتکەی کوشتن لەسەر ناسنامە بوو، وێنەی نەبووە."
سەلاح بوشی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاوپەیمانییەکەمان شیکردنەوەی بۆ ئەو هەڵوێستانە کردووە، کە لە دانیشتنی پەرلەماندا بەرامبەر بەربژێرانی دەوڵەتی یاسا کرا. ئێمە لەم قۆناخەدا خەریکی پێداچوونەوەین بە داڕشتنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانمان، چ لە ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت یان لە دەرەوەی."
بوشی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوان پێداگیرن لەسەر "شایستە دەستووری و سیاسییەکان"ی خۆیان و لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستەکانیان دەدەن.
یوسف کیلابی، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی بەوە تۆمەتبار کرد کە "دەستیان بەسەر دەنگی پەرلەمانتاراندا گرتووە" و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەیان بە ستەم ناوبرد. هەروەها گوتی، لەو ڤیدیۆ فەرمییەی پەرلەمان بڵاویکردووەتەوە، زۆربەی پێشێلکارییەکانی ناو هۆڵەکە شاردراونەتەوە و جەختی کردەوە کە "بێدەنگ نابین."
هاوکات حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ناکۆکی و ریزبەندییانە دەکەن کە لە رۆژی دەنگدان لەسەر کابینەی وەزاری روویاندا، دەشڵێن هەڵوێستێکی گونجاو وەردەگرن، کە لەگەڵ "قورسایی سیاسی و سیمبولی" سەرکردایەتییەکەیاندا بگونجێت.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، لە دانیشتنی پێدانی متمانە بە حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی، تەنیا 14 وەزیر متمانەیان پێدرا و دەنگدان لەسەر 9 وەزارەتی دیکە دواخرا.
لەو دانیشتنەدا، بەربژێرەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بەربژێرەکانی هاوپەیمانی عەزم بۆ وەزارەتەکانی پلاندانان و رۆشنبیری متمانەیان پێنەدرا، ئەوەش جۆرێک لە "ئامانجگرتنی سیاسی" لێکدرایەوە و ئاڵۆزیی نێوان کوتلە سیاسییەکانی زیاتر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ