رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ لە بازاڕێکی شاری بەغدا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 6 دووکان و کۆگای فەرش و بەتانی سووتان. بەرگریی شارستانی دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانیی نەبووە.
نوئاس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەرگریی شارستانیی عێراق، رۆژی یەکشەممە 17ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بازاڕی ریاز لە شاری بەغدا کەوتەوە. ئاگرەکە لە شوێنێکی فرۆشتنی بەتانی و فەرش دەستیپێکردووە و بەهۆیەوە نزیکەی شەش شوێن سووتان."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە کرد، کە تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگری بکەن لەوەی زیاتر تەشەنە بسێنێت. گوتیشی، "جگە لە زیانی مادیی زۆر، خۆشبەختانە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، پار 8 هەزار و 554 رووداوی جۆراوجۆری ئاگرکەوتنەوە لە وڵاتدا تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ