رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی هاوپەیمانیی ناتۆ بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە هێزەکانیان لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کشاندوونەتەوە، بەڵام "دیالۆگی سیاسی و هاوئاهەنگیی کردەیی لەگەڵ عێراق بەردەوامە."
بەرپرسێکی ناتۆ لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی رووداو رایگەیاند، "کارمەندانی ناتۆ لە نێردەی ناتۆ لە عێراق بە سەلامەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گوێزراونەتەوە. نێردەی ناتۆ لە عێراق ئێستا لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی شاری ناپۆلییەوە لە ئیتاڵیا کاردەکات."
ئەو بەرپرسەی ناتۆ گوتیشی، "دیالۆگی سیاسی و هاوئاهەنگی کردەیی نێوان ناتۆ و عێراق، لەوانەش لە رێگەی نێردەی ناتۆ لە عێراقەوە، بەردەوامە."
گوتەی بەو بەرپرسەی ناتۆ لە کاتێکدایە، رۆژی 20ی ئاداری ئەم ساڵ، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران لەگەڵ ئیسرائیل، هاوپەیمانییە سەربازییەکە هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە.
بەرپرسەکەی ناتۆ سەبارەت بە ئەرک و لێپرسراویەتییەکانیان لە عێراق دەڵێ، "نێردەی ناتۆ لە عێراق نێردەیەکی ناجەنگی، راوێژکاری و بونیادنانی تواناکانە کە یارمەتیی عێراق دەدات بۆ بونیادنانی دامەزراوە ئەمنی و هێزە چەکدارەکان تاوەکو شەفافتر، گشتگیرتر و کاراتر وڵاتەکەیان سەقامگیر بکەن، شەڕی تیرۆر بکەن و رێگری لە بەهێزبوونەوەی داعش بکەن."
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو هەوڵەکانی نێردەی ناتۆ بە داواکاری و رەزامەندیی حکومەتی عێراق بووە. هەوڵەکانمان بە رێزگرتنی تەواو لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق بەڕێوە دەچن."
تەممووزی 2015، لە وەڵامی داواکارییەکی حکومەتی عێراق، ناتۆ رەزامەندی نیشاندا لەسەر دابینکردنی پشتیوانیی بەرگری و بونیادنانی توانای ئەمنیی پەیوەندیدار.
لە نیسانی 2016دا، هاوپەیمانییەکە دەستی کرد بە ئەنجامدانی چەندین خولی مەشقکردن بە هێزە عێراقییەکان کە ژمارەیان 350 کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ