رێکخراوێکی ژینگەیی: ئەم هاوینە خانەقین یەکێک لە ناوچە هەرە گەرمەکانی عێراق بووە

17-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

روانگەی عێراقی سەوز، کە رێکخراوێکی تایبەت بە ژینگەیە، رایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ لە بەشێک لە شارەکانی عێراق پلەی گەرمای بەرز تۆمار کرا، بە جۆرێک بەشێکیان لەسەر ئاستی جیهان گەرمترین بوون، خانەقینیشن لە لیستی گەرمترینەکانی ئەمساڵی عێراق بووە.
 
رۆژی یەکشەممە 17-09-2023 روانگەی عێراقی سەوز، کە رێکخراوێکی ژینگەیی عێراقییە، راگەیێندراوێکی لەبارەی پلەکانی گەرمای هاوینی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "عێراق لە کۆتاییەکانی وەرزی هاوینە، کە ئەمساڵیش یەکێک بوو لە گەرمترین وڵاتانی جیهان، بەتایبەت دوای ئەوەی بەشێک لە شارەکانی لەسەر ئاستی جیهان پلەی بەرزی گەرمایان تۆمار کرد."
 
رۆژی یەکشەممە 17-09-2023 عەلی ناجی، سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز، لەبارەی وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تۆماری پلەکانی گەرمای ئەمساڵ گەیشتووەتە نیوەی کوڵان، لە هەندێک لە شار و پارێزگاکانی وەکو بەسرە، میسان، زیقار و خانەقینیش گەرمترین پلەکانی گەرمای هاوینی ئەمساڵیان هەبووە."
 
بە گوتەی عەلی ناجی، بەرزترین پلەی گەرمای ئەمساڵ لە بەسرە بووە، کە 52.6 پلە بووە و سەرەتای مانگی ئابی رابردوو تۆمار کراوە. هەروەها عێراق زۆرجار لەنێو لیستی ئەو وڵاتانەیە کە گەرمترینن، لەنێو 15 گەرمترین شارەکانی جیهان 13یان لە عێراق بوون.
 
سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز ئاماژەی بەوەش داوە، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق دەرکەوتوون، وەکو بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە