رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لەسەرەتاوە خەباتی سیاسییان هەڵبژاردووە نەک چەک، هەروەها دەشڵێت، "هەندێک ویست هەن کە هەوڵی شکاندنی شکۆی دەوڵەت دەدەن لەڕێگەی رووخاندنی دامەزراوەکانی و هەڕەشەکردن لە پێکهاتەکانی گەل، بەڵام ئێمە لە چەکی ئەوان ناترسین و هەڕەشەش قبووڵ ناکەین."
ئەمڕۆ هەینی 18-02-2022 محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ئەمڕۆ ویستی ناکۆنترۆڵکراو هەن کە هەوڵی شکاندنی شکۆی دەوڵەت دەدەن، لەڕێگەی رووخاندنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەڕەشەکردن لە پێکهاتەکانی گەل، بەڵام ئێمە لە چەکی ئەوانی یەکەم نەترساین و هەڕەشەی ئەوانی دیکەش قبووڵ ناکەین، هیچکاتیش رێبازی خۆمان ناگۆڕین کە سوورە لەسەر بونیادنانی دەوڵەت دوور لە تووندوتیژی."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە لەو چەکانە نەترساین کە لە ناوچەکانی خۆمان بەڕووماندا بەرز دەکرایەوە، چونکە دڵنیاین کە تووندوتیژی وڵات بونیادنانێت، بەڵکو وڵات بە ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی بەپێی دەستوورێکی سەروەر و هێزی یاسا بونیاد دەنرێت."
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای کاژێرێک لە تویتێکی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر هات کە تێیدا رایگەیاند، "جارێکی دیکە گوێمان لە دەنگی دڕندانەی ناحەزان دەبێتەوە کە ئەوانە تەنیا دەزانن هەڕەشە بکەن. لێرەوە دەڵێم بەسە هەڕەشە و گوڕەشەکردن، چونکە ئێمە عێراق نادەینەوە دەستی گەندەڵکاران و نیشتمان نافرۆشین بەوانەی کە لەودیوی سنوورن."
محەممەد حەلبووسی بە گوتەیەکی عومەری کوڕی خەتاب کۆتایی بە تویتەکەی هێناوە کە دەڵێت، "لە کەیەوە خەڵکیتان بە کۆیلە کردووە، لە کاتێکدا دایکانیان بە ئازادی ئەوانیان هێناوەتە دونیاوە."
ئەو گوتانەی موقتەدا سەدر و محەممەد حەلبووسی، کە حەلبووسی یەکێکە لە دوو سەرکردەکەی گەورەترین هاوپەیمانی سوننەکان، کە هاوپەیمانی سەروەرییە، بە پەیامێک بۆ لایەنە دژبەرەکانیان دەخوێندرێنەوە کە دیارترینیان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی.
هەروەها هەردوو پەیامەکەی سەدر و حەلبووسی دوای چەند رۆژێک هاتن لە بەئامانجکردنی ماڵی محەممەد حەلبووسی لە پارێزگای ئەنبار بە مووشەک و بڕیاری هەڵوەشاندنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگەی فیدراڵیی عێراق.
بەشێک لە چاودێران ئەو هەوڵانە بە هەوڵی رکابەرە سیاسییەکانی هاوپەیمانیی سێقۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکانی ناودەبەن، بۆ رێگرتن لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی لەلایەن ئەو سێ لایەنە بەبێ بەشداری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ