رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕی ئەم دواییەوە دەیان پارچە شوێنەوار لە پارێزگای بابل دۆزرانەوە.
حەیدەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای بابل، ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بارانی ئەم دواییە بەشێک لە خاکی ناوچەی دێرینی بۆرسیپای لەگەڵ خۆیدا راماڵی و ئەو پارچانە دەرکەوتن، بۆیە رۆژی 22-12-2025 بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی پشکنەری شوێنەواری بابل و بە هاوئاهەنگی پۆلیسی شوێنەوار و کەلەپوور، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش و هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە پارێزگای بابل، پرۆسەی کنە و هەڵگرتنەوەی ئەو پارچانە بەڕێوەچوو.
شاری شوێنەواریی بۆرسیپا 15 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری حیللەی ناوەندی پارێزگای بابلەوە دوورە. شوێنەکە بە پرس نەمروود- شوێنەواری نەمروودیش ناسراوە، کە وشەیەکی سۆمەرییە بەناوی شاری دەریام یان شمشێری دەریا دێت و مێژووی دروستکردنەکەی بۆ خێزانی ئووری سێیەم دەگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای بابل ئاماژەی بەوەکرد، 380 پارچەی شوێنەواریی جۆراوجۆر دۆزراونەتەوە کە بریتین لە 350 سکەی دراوی جۆراوجۆر، 10 سکەی مس،2 پارچەی زێڕ لەگەڵ کۆمەڵێک گۆزەی گڵین و بەردین، پەیکەری بچووکی مرۆڤ و ئاژەڵ، مۆر و کەرەستەی دیکەی مێژوویی بەنرخ.
لە ساڵی 1854 تیمێکی بەریتانی کنە و پشکنیان بۆ شوێنەکە کرد و دواتر تیمێکی ئەڵمانی نووسراوی پەرستگەی نابووی تێدا دۆزیەوە، پاشان تیمێکی شوێنەواری نەمسایی لە 1990 بۆ 2003 کنە و پشکنی لە ناوچەکەدا کرد.
حەیدەر ئیبراهیم ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە گرنگیی ستراتیژی و مێژوویی بۆرسیپا لە رەوتی مێژوویی شاری بابلدا دەردەخات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینە سەرەتاییەکان کە لەلایەن شارەزایانی شوێنەوارەوە کراون، دەریانخستووە کە هەندێک لەو پارچانەی دۆزراونەتەوە بۆ سەردەمی ئیسلامی دەگەڕێنەوە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان بۆ سەردەمی سلووقی دەگەڕێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ