رووداو - بەغدا
کۆبوونەوەی زیاتر لە سێ کاژێری دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر دیاریکردنی رۆژێک بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەبێ ئەنجام کۆتاییهات. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە بەغدا، پارتی جارێکی دیکە بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رەتکردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی ڤیتۆی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیتوانی ئەو ئامانجە بپێکێت کە لەسەر داوای ئەو، کۆبوونەوەکە رێکخرابوو.
مەحموود حەیانی، ئەندامی چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دەڵێت، "ئەمڕۆ لەسەرمانە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یەکلایی بکەینەوە، پاشان ھەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران، کێشەی سەرۆککۆمار گەورەترە لە کێشەی سەرۆکوەزیران، چونکە ئەو رێژەیەی کە پێوستە بۆ دەنگدان بە سەرۆکوەزیران 50+1ـە، بەڵام سەرۆککۆمار پێویستی بە 220 پەرلەمانتارە."
لەگەڵ شکستی کۆبوونەوەکەی بەغدا، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. فوئاد حوسێن لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە تاوەکو لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ سەرۆککۆماری عێراق رێکبکەون.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، "وا دەبیندرێت لەم چەند رۆژەی داھاتوودا کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت لەنێوان یەکێتی و پارتی، ھێشتا کاتێکی زۆر ماوە، تاوەکو ھەفتەی داھاتوو دەرفەتە لەبەردەمیان. ھەروەھا لایەنی چوارچێوەی ھەوئاھەنگی دەتوانین بڵێن لێکنزیکبوونەوەیەک ھەیە ئەمڕۆ یان سبەی رێککەون لەسەر کەسێک بۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران تاڕادەیەک رێککەوتنێکی سەرەتاییان کردووە، کوردیش ھیوادارین رێککەون لەم چەند رۆژەی کە ماوە."
لەگەڵ ئەوەی لایەنە شیعەکان رێکنەکەوتنی کورد بە هۆکاری سەرەکیی پەککەوتنی پرۆسەی سیاسیی عێراق ناودەبەن، بەڵام چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دوای زیاتر لە 100 کۆبوونەوە، تاوەکو ئێستاش نەیانتوانیوە لەسەر کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رێکبکەون و بڕیارە رۆژی سێشەممە سەرکردەکانیان دووبارە کۆببنەوە.
پەیامنێری رووداو: پارتی دووبارە بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رەتکردووەتەوە
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیکەوتووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی پارتی و یەکێتی لە دەباشان، پارتی جارێکی دیکە بەرهەم ساڵحی رەتکردووەتەوە بۆئەوەی ببێتە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و ببێتەوە سەرۆککۆماری عێراق.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆکوەزیران، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هیچ رێککەوتنێک نییە و ناکۆکیی قووڵ هەیە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەربژێری جیاوازیان هەیە و پێنج کەس ناویان هەیە، هەرچەندە دەگوترێت قاسم ئەعرەجی بەربژێری بەهێزە، بەڵام قسەی کۆتایی لەسەر نەکراوە و سبەینێ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبنەوە و ئەو ناوانەی کە هەن دەخرێنە دەنگدانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ