دادگەی فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخست

18-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای لە دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی داهاتوو دواخست، هەردوو سکاڵاکار داوایان کردووە دادگەکە ئەو پێنج مادەیە بە نادەستووری بزانێت. سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین، کە یەکێکە لە سکاڵاکارەکان رایگەیاند، "لەسەر داوای پارێزەرانی ئێمە تاوتوێکردنی سکاڵاکەمان بۆ کاتێکی دیکە دواخرا."
 
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تەممووزى 2023 دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام هەردوو سکاڵاکە بۆ رۆژی یەکشەممە 06-08-2023 دواخران.
 
سکاڵای یەکەمیان لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە، تێیدا سکاڵاکار داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (1، 9، 15، 22 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.
 
رۆژی 11-06-2023 دادگەکە لەسەر هەمان سکاڵا کۆبووەوە، بەڵام ئەوکاتە دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخستبوو.
 
زیاد جەبار سکاڵاکەی لەسەر هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
 
ناوەڕۆکی ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردن کە زیاد جەبار سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون بەمشێوەیە:
 
مادەی 1: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی 9: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی ئەبجەدیی ئەلفوبێ.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەکی ژنانی تێدابێت، لە 30% کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشووری تەرخاندەکرێت، بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە 16ی تەممووز، دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی دیکەی زیاد جەبار لەسەر نایاساییبوونی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا دادگە سکاڵاکەی رەتکردەوە، بەو پێیەی ئەو پرسە لە دەسەڵاتی دادوەریی دادگەکەدا نییە.
 
سکاڵای دووەمیان لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کۆتاى کریستان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى پێشکێش کراوە.
 
ئامانج نەجیب شەمعوون لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات دادگەکە، مادەی 36ی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستوورى لە قەڵەم بدات، کە تایبەتە بە کۆتایی پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان و مادەى نۆى هەمان یاسا کە هەرێمى کوردستانى وەکو یەک بازنەى هەڵبژاردن دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
 
ئامانج نەجیب شەمعوون لەبارەی دواخستی دانیشتنی دادگە، رۆژی سێشەممە 18-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سکاڵاکە لەسەر داوای پارێزەرانی ئێمە بووە، بۆئەوەی کاتی زیاتریان لەبەردەستدا بێت و رەنگە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی زیاتر بێت لەسەر ئەو بابەتە."
 
بەگوێرەى مادەى 36ی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، ئەوەش جگە لە تەرخانکردنى پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.
 
لە مادەى نۆى هەمان یاسادا هاتووە، کە دەبێت هەرێمى کوردستان یەک بازنەى هەڵبژاردن بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە