چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆبوونەوەیەک تایبەت دەکات بە تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق. گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت: "مەرج نییە لەو کۆبوونەوەیە ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، داوای کردووە رۆژی دووشەممە 20ـی نیسان هاوپەیمانیێتییەکە لە نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆببێتەوە.
 
ئەمیندارێتیى ئەو هاوپەیمانێتییە دەڵێت: "کۆبوونەوەکە تایبەتکراوە بە یەکلایی کردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران."
 
رۆژی 11ـی نیسان، پەرلەمانی عێراق سەرۆککۆماری هەڵبژارد، بەگوێرەی دەستوور لە ماوەی 15 رۆژ لەو هەڵبژاردنەوە دەبێت گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلا بکاتەوە.
 
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مەرج نییە لە کۆبوونەوەی دووشەممەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام لەم هەفتەیەدا و لەو 15 رۆژەی دەستوور دیاریکردووە، بەربژێرەکە یەکلایی دەکاتەوە."
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە "زۆرینەی دەنگ" نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای وەکو بەربژێری سەرۆکوەزیران دەستنیشان کرد، بەڵام دواتر بەهۆی ڤیتۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە جیاوازی کەوتە نێو هێزە شیعەکان لە بەردەوامبوون لەسەر ئەو بەربژێرەیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە