رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی دۆزینەوەی چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پارێزگای ئەنبار، مشتومڕی لە نێوان دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق و بەرپرسانی خۆجێی ئەنبار دروستکردووە. لە کاتێکدا دامەزراوەی شەهیدانی عێراق جەختدەکاتەوە کە رووفاتەکان قوربانی سەردەمی رژێمی پێشوون، بەرپرسێکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباریش بەڵگەیەک دەخاتەڕوو کە گومان دەخاتە سەر ئەو مێژووە.
رۆژی سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، گومانی خۆی لە راگەیێندراوەکەی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق نیشاندا و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا بە تەواوی روون نییە مێژووی ئەو گۆڕانە بۆ کەی دەگەڕێتەوە."
سەعد غازی ئاماژەی بەوە کرد، نیشانە سەرەتاییەکان لەگەڵ گێڕانەوەی فەرمی دامەزراوەی شەهیدان یەکناگرنەوە و گوتی، "لە کاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکاندا جلی (دیشداشە) و کەلوپەلی وا دۆزراونەتەوە کە ناکرێت هی هەشتاکان بن و تاوەکو ئێستا بەو شێوەیە مابێتنەوە." گوتیشی، "وەک حکومەتی خۆجێیی گوشار دەکەین کە پشکنینەکان لە نێو پارێزگای ئەنبار بۆ ئەوەی وردەکارییەکان و راستی بابەتەکەمان بۆ دەربکەوێت."
ئەم گومانانەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە کاتێکدایە، کە دوێنێ 18ی ئایار، دامەزراوەی شەهیدانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە دەڵێن مێژووی گۆڕەکان بۆ دوای ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە.
دامەزراوەکە رایگەیاندبوو: "هەموو بەڵگە و نیشانەکان لە شوێنی گۆڕەکان دەیسەلمێنن کە قوربانییەکان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن رژێمی بەعسەوە کۆمەڵکوژ کراون." دامەزراوەکە تەنانەت ئەو لایەنانەی گومان دەخەنە سەر مێژووەکە، بە "پاشماوەکانی رژێمی پێشوو" و "شێواندنی راستییە مێژووییەکان" تۆمەتبار کردووە.
موئەیەد دلێمی، گوتەبێژی ئیدارەی خۆجێیی ئەنبار رۆژی 17ی ئەم مانگە بە رووداوی راگەیاند، حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ لە دەشتی عوکازی پارێزگای ئەنبار دۆزراونەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی موئەیەد دلێمی، تاوەکو ئێستا 16 رووفات دەرهێنراون کە تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 60 ساڵدایە و هەندێکیان چاویان بەستراوەتەوە.
ناوچەی دۆزینەوەی گۆڕەکان کە دەکەوێتە سنووری قەزای فەللوجە، مێژوویەکی ئاڵۆزی هەیە؛ هەم لە سەردەمی رژێمی پێشوو وەک ناوچەیەکی سەربازی و دوورەدەست بەکارهاتووە و هەم لە دوای 2003 و بەتایبەت لە 2014 جێگەی ململانێی تووندی چەکداری و کۆنترۆڵی داعش بووە.
ئێستا چاوەکان لەسەر ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان و (DNA)ی رووفاتەکانە. سەعد غازی گوتی: "ئێمە وەک لایەنی پەیوەندیدار دەمانەوێت راستییەکان وەک خۆیان بۆ خەڵک ئاشکرا بن و تاقیگەکانی ئەنبار باشترین شوێنن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە، نەک تەنیا پشت بە گێڕانەوەیەکی سیاسی ببەسترێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ