حیزبی دەعوە و موقتەدا سەدر دابەزاندنی بەهای دینار رەتدەکەنەوە

20-12-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نرخی دۆلار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حیزبی دەعوەی عێراق لە یەکەم کاردانەوەی پاش داشکاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، رەخنەی لە بڕیارەکەی بانکی ناوەندی گرت دەڵێ "تەنگژەی قووڵی دارایی وڵات چارەسەر ناکات". موقتەدا سەدریش، بانکی ناوەندیی عێراق بە "دیلی گەندەڵی و گەندەڵکاران" ناودەبات داوای "رزگارکردنی" دەکات.
 
لەدوای چەند رۆژێك لە شڵەژانی بازاڕی دراوی عێراقی و دابەزینی بەهاکەی لە بۆرسە نێوخۆییەکان بەرامبەر دۆلار، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق بەفەرمی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بۆ هەزار و 450 دینار بەرامبەر هەر دۆلارێكی ئەمریکی راگەیاند، بەم بڕیارە پێشبینی دەکرێت هەڵئاوسان دروستببێت و نرخی کاڵای هاوردەکراو و ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببنەوە. 

 

 
بڕیارەکە بەشێکە لە رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەی دارایی کە وڵاتەکەی گیرۆدە کردووە و حکومەتی ناچار بە قەرزکردن کردووە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.
 
موقتەدا سەدر لە تویتەر نووسیویەتی: "بانکی ناوەندی و سەرجەم بانکەکانی دیکە بوونەتە دیلی گەندەڵی و گەندەڵکاران و دەبێت حکومەت و پەرلەمان هەوڵی کۆتاییهێنان بەو بارودۆخە بدەن". سەدر دەشڵێت: "دەبێت دەستبەجێ بانکی ناوەندی رزگاربکرێت و ئازادکردنی دراوی عێراق لەنێو بازاڕ بەس نییە"، چونکە ئەو کارە بە گوتەی سەدر، وەک چەکێكی دوولایەنەیە کە عێراق لە قەیرانێك دەهێنێتە دەرەوە و دەیخاتە نێو قەیرانێکی دیکەی قورستر و "تاکە زیانلێکەتوو گەلی عێراقە".
 
حیزبی دەعوەی عێراقی، کە نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، ئەمینداری گشتییەتی، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت: "ئەو بڕیارە رەنگدانەوەی خراپی لەسەر فەرمانبەران و هەژارانی وڵاتەکە دەبێت".
 
مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە، لە راگەیێندراوەکەدا دووپاتیدەکاتەوە، "ئەو سیاسەتە وڵاتەکە ناگەیێنێتە کەناری ئارامی، چارەسەری کێشەی قووڵی داراییش ناکات، بەڵکو لە هەموو روویەکەوە کێشەی زیاتر دەنێتەوە".
 
حیزبی دەعوە بە پێویستی دەزانێت، حکومەت بەدوای جێگرەوەی کاریگەرتردا بگەڕێت، کە زیانی کەمتر بێت بۆ چارەسەرکردنی کەمیی داهاتەکان و کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و پەنابردنە بەر پارەدارکردنی بەردەوام؛ "چونکە دەستگرتن بە چارەسەرە نەزۆکەکانەوە نزیکمان ناکاتەوە لە چارەسەری کێشەکان".
 
مەکتەبی سیاسی حیزبی دەعوە داوای دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ تەنگژەی ئابووری لە حکومەت و هێزە سیاسییەکان دەکات، "کە لەگەڵ دۆخی عێراق و گەلەکەیدا بگونجێت".
 
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق رۆژی شەممە 19-12-2020 دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس کۆبووەوە و باسی رەوشی دارایی عێراق و بودجەی گشتیی ساڵی 2021ی عێراقی کرد.  محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە دیدارە رۆژنامەڤانییەکەی عەللاوی و میدیاکاران ئامادەبوو لەبارەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی 2021 پرسیاری کرد، عەللاوی لە وەڵامدا گوتی "ئێمە لەسەر بودجەکە رێککەوتووین.. لە پەرلەمانیش پەسەندبکرێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرین".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی عەللاوی لەبارەی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی قسەی کرد و رایگەیاند یەک دۆلاری ئەمریکی دەبێتە 1450 دیناری عێراقی، بانکی ناوەندیش بڕێکی دیکەشی دەخاتەسەر و بەپێی نرخە نوێکە دۆلار دەفرۆشێ، بۆیە رەنگە هەر دۆلارێک بە 1490 دینار بفرۆشێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە