پڵنگێک لە بەغدا پەلاماری گەشتیارێک دەدات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی باخچەی زەورا لە بەغدا روونکردنەوە لەسەر برینداربوونی گەشتیارێک لەلایەن پڵنگێکەوە دەدات و دەڵێ، گەشتیارەکە رێنماییەکانی جێبەجێ نەکردووە.
 
رۆژی شەممە، 21ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی باخچەی زەورا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، گەشتیارێک لەگەڵ هاوڕێکانی تەلبەندی ئەمنیی باخچەکەیان تێپەڕاندووە و چوونەتە ناو ئەو ناوچەیەی کە تەنیا بۆ کارمەندانی چاودێریی ئاژەڵە دڕندەکان تەرخانکراوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو گەشتیارە هەوڵی داوە لە پڵنگێکی سیبیریایی نزیک ببێتەوە، بەو هۆیەشەوە پڵنگەکە پەلاماری داوە و توانیویەتی قاچی رابکێشێتە ناو قەفەسەکە و برینداری بکات.
 
بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پاسەوانەکان و کارمەندان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و گەنجەکەیان رزگار کردووە. ئێستا بریندارەکە لە نەخۆشخانەیە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
 
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند :" ئەو مێرمنداڵە سەرەتا رەوانەی نەخۆشخانەی کەرامە کرا، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەی و دروستبوونی کێشە لە خوێنبەرەکان و شکانی ئێسکەکانی، بە پەلە بۆ شاری پزیشکیی ئیمام کازیمەین لە بەغدا گوێزرایەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق راشیگەیاند، تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ لە نەشتەرگەریی گشتی، نەشتەرگەریی خوێنبەرەکان و نەشتەرگەریی ئێسک، پێکەوە چەند نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزیان بۆ گەنجەکە ئەنجامداوە. 
 
سەیف بەدر دەڵێت: "مێرمنداڵەکە لە ژیاندا ماوە و ئێستا رەوشی جێگیرە، بەڵام لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە