رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، شەممە، 21ی ئاداری 2026، بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار بۆردوومان کرا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. هاوکات لە بەغداش چەندین جار بنکەیەکی ئەمریکا کرایە ئامانج و درۆنێکیش لە کێڵگەیەکی نەوتی دا کەوتە خوارەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە پارێزگای ئەنبار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، شەممە، بارەگای لیوای 19ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عەکاشات لە قەزای قائیم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار بۆردوومان کرا."
سەبارەت بە زیانەکان، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە بۆردوومانەکەدا 2 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران. لیوای 19ی حەشدی شەعبی سەر بە گرووپی ئەنساروڵڵا ئەوفیایە.
لەلایەکی دیکەوە، جارێکی دیکە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە نێو سەنتەری پشتیوانیی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بیسترا. بە گوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراوە؛ بەمەش ژمارەی ئەو هێرشانەی لە شەوی رابردووەوە کراونەتە سەر سەنتەرەکە، گەیشتە زیاتر لە 10 هێرش.
هەر لە چوارچێوەی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ئەمڕۆدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە سنووری کێڵگەی نەوتیی رۆژهەڵاتی بەغدا کەوتە خوارەوە. کێڵگەکە یەکێکە لە کێڵگە ستراتیژییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی قەبارەی زیانەکان یان بوونی قوربانی لە رووداوەکەدا بڵاونەکراوەتەوە.
ئەم هێرش و رووداوە ئەمنییانە لە کاتێکدان، کە لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا، بەغدای پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق، زنجیرەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکییان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە حکومییەکان بەخۆوە بینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ