عەممار حەکیم: خوێن و ئایین و داهاتوومان لەگەڵ ئێران یەکە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران سەرکۆنە دەکات و دەڵێ، ئاسایشی ناوچەکە و سەروەریی عێراق "هێڵی سوورن" و نابێت رێگە بدرێ وڵات بکرێتە گۆڕەپانی ململانێکان.
 
رۆژی شەممە، 21ی ئاداری 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە گوتاری جەژنی رەمەزاندا لە بەغدا گوتی: "ئەو دەستدرێژییە سەربازییەی کرایە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، کارێکی رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و هیچ پاساوێکی نییە."
 
عەممار حەکیم هۆشداری دا لە راکێشانی ناوچەکە بۆ نێو پێکدادانی سەربازی کە تەنیا خزمەت بە "بازرگانانی جەنگ" دەکات و گوتیشی: "سەقامگیریی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە داواکارییەکی بنەڕەتییە و ناکرێ سازشی لەسەر بکرێ، چونکە خوێن و ئایین و داهاتوومان یەکە و بێدەنگ نابین لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی."
 
"سەروەریی عێراق هێڵی سوورە"
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق، عەممار حەکیم جەختی لەوە کردەوە کە "ئاسایش و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق هێڵی سوورن" و دەڵێت: "ئەو سەقامگیرییەی بە خوێنی شەهیدان هاتووەتە دی، نابێت بکرێتە قوربانی. ئێمە هەر هێرشێک بۆ سەر سەروەریی وڵات و دامەزراوە سەربازییەکان، بەتایبەتی حەشدی شەعبی رەتدەکەینەوە."
 
قەیرانی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی رەوتی حیکمە باسی لە چەقبەستوویی سیاسیی عێراق کرد و رایگەیاند، وڵات لە قۆناخێکی هەستیاردایە و بەرگەی "بۆشایی سیاسی" ناگرێت.
 
عەممار حەکیم داوای خێراکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی "خاوەن دەسەڵاتی تەواو"ی کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "ئیدی کاتی ئەوە هاتووە لە بازنەی چاوەڕوانی بێینە دەرەوە بۆ بازنەی کارکردنی بەرپرسانە. ئێمە هەموو رێگەیەکی دەستووری دەگرینەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم داخرانە سیاسییە و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە بتوانێت خزمەتی گەل بکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە