لیوایەکی حەشدی شەعبی لە دەروازەی رەبیعە جێگیر دەکرێن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەروازەی نێودەوڵەتیی رەبیعە لەنێوان عێراق و سووریا بە فەرمی بەڕووی بارهەڵگرە بازرگانییەکان و گەشتیاراندا کرایەوە. هاوکات لەگەڵ کردنەوەی دەروازەکەدا، هێزێکی حەشدی شەعبی لەپاڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکە جێگیر کران.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ کردنەوەی دەروازەکە، هاتووچۆ دەستیپێکردووە و هیچ گرفتێک رووینەداوە، لەپاڵ هێزە ئەمنییەکان لیوایەکی حەشدی شەعبییش لە دەروازەکە جێگیر کراون."
 
ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە لە دەروازەکە جێگیر کراون، سەر بە لیوای 75ی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبین. دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، جێگیرکردنی ئەو هێزانە بە مەبەستی "دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی رێکارە سنوورییەکان و دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆ دامەزراوەکان و گەشتیارانە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو لیوایەی حەشد کە لە دەروازەکە جێگیر کراوە، ئەندامەکانی سەر بە هۆزەکانی "شەممەر"ن و فەرمان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی نەینەوا وەردەگرن.
 
کردنەوەی ئەم دەروازەیە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ئەمنی و کارگێڕیی نەینەوا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا دێت. دەروازەی رەبیعە رێگەیەکی کورتی ستراتیژییە بۆ گەیشتن بە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
 
بەپێی زانیارییەکان، جموجۆڵێکی زۆری بازرگانی دەستیپێکردووە و رێگە بە دەیان بارهەڵگر دراوە کە کەلوپەلی جۆراوجۆر، بەتایبەتی مادەی خۆراکی و کەلوپەلی بونیاتنان بگوازنەوە. یەکێک لە گرنگترین رەهەندە ستراتیژییەکانی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە عێراق لە دوای داخستنی تەنگەی هورمز، نەوتی ناوچەکانی باکوور و کۆمپانیای نەوتی باکوور لەوێوە رەوانەی بەندەری بانیاس دەکات بۆ بازاڕەکانی جیهان.
 
لە رووی ئەمنییەوە، هێزێکی زیاتری پاسەوانی سنوور، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە ناوچەکە جێگیرکراون بۆ رێگریکردن لە هەر دزەکردنێکی نایاسایی یان پێشێلکارییەک کە لەگەڵ بارهەڵگرە بازرگانییەکاندا رووبدات.
 
هەرچەندە بەپێی عورفی سەربازی، ئەرکی سەرەکیی پاراستنی دەروازەکان لە ئەستۆی پاسەوانی سنوور و پۆلیسی گومرکدایە، بەڵام ئێستا حەشدی شەعبی لە زۆربەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق (جگە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان) رۆڵی کارایان لە پاراستن و بەڕێوەبردنی دۆخە ئەمنییەکەدا هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە