خەمیس خەنجەر: ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ تاوانیان بەرامبەر عێراقییەکانیش کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خەمیس خەنجەر لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دەدات لە لێکەوتەکانی هێرشی درۆنەکان لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، ئوردن و سووریا. خەنجەر دەڵێت، "بوونی چەکی نایاسایی لە کێشەیەکی نێوخۆییەوە بووەتە مەترسییەکی دەرەکی."
 
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی سەروەری و سەرکردەی دیاری سوننەکان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک، نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی هێرشەکان دەربڕی و رایگەیاند، "ئەم هێرشانە زیان بە پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی دەگەیێنن و سەقامگیری ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە بڕیاری سیاسی و ئەمنی عێراق لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە پێشێل کراوە."
 
"هێرشکارەکان هەمان ئەو گرووپانەن کە تاوانیان بەرامبەر عێراقییەکان کردووە"
 
خەمیس خەنجەر دەڵێت، "ئەو میلیشیایانەی ئەم هێرشانە ئەنجام دەدەن، هەمان ئەو لایەنانەن کە تاوانی بێسەروشوێنکردنیان بەرامبەر عێراقییەکان لە ناوچەکانی (بزێبز، رەزازە، سەقڵاوییە، بادۆش، تکریت، سامەڕا) و چەندین شوێنی دیکە ئەنجامداوە."
 
دەشڵێت، ئەو گرووپانە بەرپرسن لە "ئاوارەکردنی سەدان هەزار عێراقی لە ناوچەکانی جورف سەخر، عۆجە، سەعدییە و ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار و نەینەوا، کە ماوەی 12 ساڵە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
 
ئەو سەرکردە سوننەیە رەخنە لەو راگەیاندنانە دەگرێت کە بە گوتەی ئەو "سەر بە میلیشیاکانن و رۆژانە گوتاری رق و کینە و هاندان بۆ تائیفەگەری دژی دراوسێ عەرەبییەکانی عێراق" بڵاودەکەنەوە. باس لەوەش دەکات کە ئەو کارانە "بۆ بەرژەوەندی پڕۆژەی دەرەکییە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی نیشتمانیی عێراقەوە نییە."
 
خەمیس خەنجەر داوا لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان دەکات رێکاری یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ، "پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی یاسا،  لێپرسینەوە لەو لایەنانەی خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی بەکاردەهێنن و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت."
 
ئەم گوتانەی خەمیس خەنجەر لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا هەردوو وەزارەتی بەرگریی سعودیە و ئیمارات گرووپە چەکدارەکانی عێراقیان بە ئەنجامدانی چەند هێرشێکی درۆنی بۆ سەر دامەزراوە ئابوورییەکانی وڵاتەکانیان تۆمەتبار کرد.
 

رۆژی 19ی ئەم مانگەش باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەو هێرشانە رایگەیاند، "عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە لە ڕێگەی درۆنەوە کراونەتە سەر سعوودیە و ئیمارات."
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە لایەنە سەربازییەکانی عێراق هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکە بۆ ئەو هێرشانە تۆمار نەکردووە، بەڵام ئامادەن بۆ هەر لێکۆڵینەوە و هاوکارییەک. بەڵێنیشی دا کە "هیچ کەمتەرخەمییەک لەگەڵ ئەو لایەنانەدا ناکرێت کە دەیانەوێت سەروەریی دەوڵەت پێشێل بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

عەلی فالح زەیدی سامانەکەی ئاشکرا کرد و وەزیرەکانیشی ئاگادار کردەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەروەت و سامانی خۆی ئاشکرا کرد و رادەستی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی کرد؛ داواش لە وەزیرەکانی دەکات لە ماوەی هەفتەیەکدا هەمان هەنگاو بنێن.