بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: یەک ملیۆن و 380 هەزار تۆن گەنم وەرگیراون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 380 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، دوو ملیۆن و 250 هەزار تۆن گەنمی پاریش ماوە.
 
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 21ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 380 هەزار تۆن گەنم لە بەغدا و پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور وەرگیراوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا لە کەرکووک، نەینەوا، سلێمانی، هەولێر، دهۆک گەنم وەرنەگیراوە.
 
بە گوتەی گەرعاوی، سەرەڕای دەستپێکردنی وەرزی نوێی وەرگرتنی گەنم، هێشتا دوو ملیۆن و 250 هەزار تۆن گەنمی پار لە سایلۆکاندا ماون، ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵانی رابردوو توانای کۆگاکردن یەک ملیۆن و 600 هەزار تۆن زیادیکردووە.  
 
رۆژی 5ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، ئەم ساڵ هەر تۆنێک گەنمی جووتیارانی عێراق (نێو پلانی کشتوکاڵی) بە نرخی 700 هەزار دینار وەربگیرێت و گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی بە 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەربگیرێت، بێ ئەوەی بڕەکەی سنووردار بکرێت، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێ (292 هەزار تۆن بە 700 هەزار دینار و 108 هەزار تۆن لە دەرەوەی پلان بە 500 هەزار دینار).

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە