رووداوەکانی سووریا گەڕانەوەی عێراقییەکانی کامپی هۆلی دواخست

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سووریاوە، گەڕانەوەی کاروانێکی دیکەی عێراقییەکانی نێو کامپی هۆل دواکەوتووە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 21 هەزار عێراقی گەڕێندراونەتەوە.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 22-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حکومەتی عێراق سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی سەرجەم عێراقییەکانی کامپی هۆل؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 21 هەزار عێراقی گەڕاونەتەوە و بڕیاریش بوو سەرەتای مانگی داهاتوو 80 خێزانی دیکە بگەڕێندرێنەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییە پرۆسەکە دوادەکەوێت و گوتی: "چاوەڕێی وەڵامی لایەنی سووریا دەکەین، چونکە پێشتر رێککەوتنمان لەگەڵ هەسەدە هەبوو، بەڵام ئێستا هەسەدە لە کامپەکە نەماوە."
 
دواکەوتنی پرۆسەکە دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەم، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دوای پێکدادان لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا لە کەمپی هۆل کشانەوە و هۆکارەکەشیان بۆ "بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر دۆسیەی داعش" گەڕاندەوە.
 
سەبارەت بە ژمارەی ئەو عێراقییانەی هێشتا لە کەمپەکەدا ماون، ئاماری جیاواز لەنێوان حکومەت و پەرلەمانتارێکدا هەیە.
 
عەلی عەباس دەڵێت، هەرچەندە ئامارێکی وردیان لەبەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی (بلۆمۆنت) کە لە کەمپەکە کار دەکەن، "نزیکەی 1000 عێراقی دیکە لە ژن، منداڵ و کەسانی بەتەمەن ماونەتەوە."
 
لە بەرامبەردا شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێشتا نزیکەی 9 بۆ 10 هەزار عێراقیی دیکە لە کەمپی هۆل ماونەتەوە. ئەگەرچی گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ ئەم ژمارەیە بە "نادروست" ناو دەبات.
 
دووبەردانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ساڵ هیچ عێراقییەکی کەمپی هۆل نەگەڕێندراوەتەوە و دوایین کاروان رۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 بوو، کە 233 خێزان (863 کەس) بوون.
 
کەمپی هۆل دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان؛ بەهۆی بوونی دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعش تێیدا، بە "بۆمبی چێندراو" ناودەبرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە