رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەی ئیسلامی، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەمڕۆ دووشەممە، نووری مالیکی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە گەلی موسڵمانی ئێران و جەنابی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی دەکەم بۆ بەدەستهێنانی متمانەی گەل لە رێگەی ئەنجوومەنی شارەزایانەوە، کە وەک رێبەر و جێگرەوەی شەهیدی گەورە عەلی خامنەیی هەڵبژێردرا."
مالیکی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی بەڵگەیە لەسەر متمانەی بەرز بە "زانست، لێهاتوویی و رۆڵی ئەو لە سەرکردایەتیکردنی ئومەت لەم قۆناخە هەستیارەدا."
ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوە ستایشی "ئیرادەی گەلی ئێران"ی کردووە و دەڵێت: "گەلی ئێران جارێکی دیکە ئازایەتی و توانای خۆی بۆ تێپەڕاندنی سەختی و نەهامەتییەکان سەلماندەوە، بەوەی توانییان بە خێرایی ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە بەهۆی کۆچی دوایی رێبەر و سەرکردەکانی دیکەوە دروستبوو."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا مالیکی دەڵێت: "بارودۆخی جەنگی سەخت و ئازارەکان" نەیانتوانیوە گەلی ئێران لە بەردەوامبوونی کاروانی کۆماری ئیسلامی پەکبخەن.
پاش کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئیران لە هێرشەکانی 28ـی شوباتی ئیسرائیل و ئەمریکا، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمە، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی وەک رێبەری نوێی وڵاتەکە دەستنیشانکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ