رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەبارەی دابەزینی زیاتری دیناری عێراق و رێکارەکانی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی و ژمارەیەک پرسی دیکە، داوایان کردووە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە لیژنەکەیان ئامادەببن.
رۆژی یەکشەممە، 23-7-2023، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر 14 بانکی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە داوامانکردووە تەیف سامی، وەزیری دارایی و د. عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە لیژنەی دارایی ئامادەببن بۆ روونکردنەوەی هۆکارەکانی بەرزنەکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی و مانەوەی لەو ئاستە نزمەیدا، چاوەڕوانین ئەم هەفتەیە ئەوان لە لیژنەکەمان ئامادەببن بۆ تاوتوێکردنی هۆکارەکان و رێوشوێنەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار لە داهاتوودا."
قسەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە دوای پشووەکانی هەفتە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23ـی تەممووزی 2023)، بانکی ناوەندیی عێراق 231 ملیۆن و 354 هەزار و 316 دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشت؛ لەو بڕە 14 ملیۆن و 540 هەزار دۆلاری بۆ نەختینە بوو و 216 ملیۆن و 814 هەزار و 316 دۆلاری بۆ حەواڵە بووە.
کاژێر 12:30ـی ئەمڕۆ، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا 100 دۆلار بە 153 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هەمیشە نەختینەی بانکی ناوەندیی عێراق کاریگەری لەسەر بەهای دینار هەیە و ئەویش کەمی فرۆشتووە؛ حەواڵە دەچێتە دەرەوە و نایەتەوە نێو بازاڕەکان، ئەگەر دۆلار بەم شێوەیە کەم بخاتە بازاڕەوە، بەهای دینار زیاتر دادەبەزێت".
هۆکاری دابەزینی ئەمدواییەی بەهای دینار دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەمریکا کە 19ـی ئەم مانگە مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقی قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردن، دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە. لەکاتێکدا ئەو بانکانە پێشتر لە بانکی ناوەندیی عێراق پشکیان هەبووە و دۆلاریان بە نرخی فەرمی وەرگرتووە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 23-7-2023، لەبارەی بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بە رووداوی گوت: "ئێمە هەفتەی پێشتر ئەو داوایەمان کردووە، هێشتا کاتەکەی دیارینەکراوە، بۆیە چاوەڕوانی وەڵامی ئەو دوو دامەزراوەیەین."
لەگەڵ سزادانی بانکەکان، فرۆشی نەختینەی دۆلار بە زیاتر لە نیوە کەمیکردووە، چونکە سێشەممەی رابردوو بانکی ناوەندیی عێراق 49 ملیۆن و 470 هەزار دۆلاری بە نەختینە فرۆشتبوو؛ چوارشەممە پشووی فەرمی بوو و پێنجشەممەش نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری بە نەختینە فرۆشتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ