رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ماوەی سێ مانگ مۆڵەتیان داوەتە هۆڵەکانی بۆنەکان لە پارێزگاکە بۆ ئەوەی بنمیچی هۆڵەکانیان بگۆڕن و کەرستەکانی پەیوەست بە سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوە بۆ هۆڵەکانیان دابین بکەن، دەشڵێت خاوەنی هەر هۆڵێک پابەند نەبێت، راستەوخۆ دەدرێتە دادگە.
رۆژی دووشەممە، 23-10-2023، عەقید سەعد حەمادی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرجەم هۆڵەکانی بۆنەکان ئاگادارکراونەتەوە رێکارەکانی تایبەت بە سەلامەتی و پارێزگاری لە هۆلەکانیان دابنێن و هەر کەموکورتییەکانیان هەیە لە نزیکترین ماوەدا تەواویان بکەن، چونکە سزا دەدرێن و سزاکانیش قورس دەبن."
سەبارەت بەو هۆڵانەی بنمیچەکانیان بە کەرەستەی سەندەویچ پەنەڵ دروستکراوە، عەقید سەعد حەمادی گوتی: "ماوەی سێ مانگمان بە مۆڵەت پێداون بۆ ئەوەی بنمیچەکانیان بگۆڕن، ئەگەر لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا نەیگۆڕن، یەکسەر دەدرێنە دادگە، چونکە نابێت هیچ هۆڵێک هەبێت بنمیچەکەی لەو مادەیە دروستکرابێت، چونکە مادەکە خێرا دەسووتێت و بۆ سەرگرتنی هۆڵەکان ناگونجێن و رووداوی لە شێوەی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانیەی لێدەکەوێتەوە."
کاژێر 10:30ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، بنمیچی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بەناوی هۆڵی هەیسەم گڕی گرت. بەوهۆیەوە 127 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش برینداربوون.
رۆژی 1ـی تشرینى یەکەمى 2023 لیژنەى لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی حەمدانیە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکرا کرد، کە گوایە ئاگرەکە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە کەوتووەتەوە و لە راسپاردەکانیدا داوای لەسەرکارلابردن و دادگاییکردنی پێنج بەرپرسی سنوورەکەی کردووە لەنێویاندا قایمقامی حەمدانیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ