رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆسی سویسرا، رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لەژێر ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ لە عێراق دەمێننەوە.
رۆژی چوارشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، باسی لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا کرد و گوتی، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچەیە، ئەوە هەنگاوێکی مەترسیدار دەبێت و شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون بۆ عێراقیش دروست دەکات.
لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، فوئاد حوسێن گوتی: "پێموابێت و ئەوە بڕوای منە، ئەوان لەوێ [لە عێراق] دەبن."
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەراورد بە خولی یەکەمی ئیدارەی ترەمپ جیاوازە، ئێستا ئێمە رووبەڕووی ئاڵنگاریی جیاواز بووینەتەوە و هەست دەکەم ئەوان [ئەمریکا] لەم ناوچەیە دەبن."
ئەمریکا لانیکەم دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق هەیە وەکو بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دەکەن.
فوئاد حوسێن، ئاماژەی بەوەدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی ئەمنییە و بەردەوامیشن لە گفتوگۆکانیان لەبارەی پەیوەندییەکانی داهاتوویان.
وەزیری دەرەوەی ئێران پێیوایە ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی عێراق هەبووە و گوتی: "نیگەرانین لەو گرژییانە و هیوادارین هەردوولا ئاراستەیەکی نوێ بگرنەبەر."
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە ئێران ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکات، بەڵام گوتی "تائێستا هیچ ئاماژەیەکم لە واشنتنەوە نەبینیوە، کە ئامادەی گفتوگۆ بن لەگەڵ لایەنی ئێرانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ