رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا کاتی کردنەوەی دەروازەی وەلید لەگەڵ سووریا دیار نییە و بەرپرسێکی کارگێڕیی پارێزگای ئەنباریش گوتی، زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەکە کراون.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەو دۆخەی ناوچەکە پێدا تێدەپەڕێ،تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی دەروازەی وەلید لەگەڵ سووریا دەکرێتەوە".
دەروازەکە دەکەوێتە سنووری قەزای روتبە لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق و لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی داعش داخراوە.
هاوکات عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری وەلید لەگەڵ سووریای دراوسێ تەواو بوون، وەک دانانی کەرەڤانە، دروستکردنی هۆڵ، قیرتاوکردنى رێگەى دەروازەکە و تەواوکردنی سیستمى رووناکى و وێستگەى کارەبا. ئەمانە لەلایەن کارگێڕیی پارێزگای ئەنبار کراون".
عێراق سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ سووریا هەیە کە دووانیان داخراون، کە رەبیعە و وەلیدن. هاتووچۆ لەنێوان هەردوو وڵات لە دەروازەی قائیم دەکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ